گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین دەڵێت، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کە عەفرین داگیرکراوە تاوەکو ئێستا دەرکردنی کورد بەردەوامە و، رێژەی کورد پێش داگیرکردنی هەرێمەکە نزیکەی 98٪ بوو، بەڵام ئێستا کەمترە لە 25٪. دەشڵیت "تاوەکو ئێستا دوو هەزار کەس چارەنووسیان نادیارە کە 100 کەسیان ئافرەتن".
ئیبراهیم شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ، 18ـی ئادار، پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی ئەو وڵاتەوە، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، عەفرین رووبەڕووی دۆخێکی خراپی گۆڕینی دیمۆگرافی و دەربەدەرکردنی کورد لە ناوچەکە بووەتەوە و، تاوەکو ئێستا دەستدرێژیکردنە سەر ماڵ و موڵکی کورد لە عەفرین بەردەوامە".
گوتەبێژی رێکخراوەکە دەڵێ، زیاتر لە 300 هەزار کورد کە دانیشتووی عەفرین بوون، ئاوارە و دەربەدەر بوون و عەرەب و تورکمان لەجێگەیان نیشتەجێکران و دیمۆگرافیای عەفرین گۆڕدرا "پێش داگیرکردنی نزیکەی 95 بۆ 98٪ـی دانیشتووانی عەفرین کورد بوون و نزیکەی 2 بۆ 5٪ـی دانیشتووانەکەی عەرەب بوون، بەڵام ئێستا دیمۆگرافیای عەفرین گۆڕاوە و رێژەی کورد کەمترە لە 25٪".
ئیبراهیم شێخۆ گوتیشی، "لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 8 هەزار و 695 کەس لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە دەستگیرکراون، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار لەوانەی دەستگیرکراون چارەنووسیان نادیارە کە نزیکەی 100ـیان ژنن".
ئاماژەی بەوەکرد،" تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 کەس بەهۆی هێرش و داگیرکاری سەر عەفرین گیانیان لەدەستداوە کە 96 کەسیان ژن بوون، بەجۆرێک 8 کەسیان خۆیان کوشتووە و 72ـیان دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر، هەروەها نزیکەی 90 کەسیشیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە".
گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین - سووریا گوتیشی، لەدوای داگیرکردنی عەفرینەوە، نزیکەی 400 هەزار داری زەیتوون و میوە لە هەرێمی عەفرین بڕدراون و نزیکەی 15 هەزار دار، سووتێنراون، سەدان دۆنم باخ و دارستانی عەفرین تێکدراون.