بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا دەڵێت ئامادەیە لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببێتەوە، بەڵام "بەو مەرجەی ئەم وڵاتە هێزەکانی لەباکوری سوریا بکشێنێتەوە، لەبەرئەوەی داگیرکەرە".
بەشار ئەسەد ئەم قسانەی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی روسیادا راگەیاند، ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لەمۆسکۆ.
پەیوەندی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا رووی لەگرژیی کرد، کریملینیش لەهەوڵی ئاشتکردنەوەی حکومەتەکانی ئەو دو وڵاتەدایە.
بەشار ئەسەد بەمیدیاکانی روسیای ڕاگەیاندووە، تەنها کاتێک ئەگەری هەیە کۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان بکرێت کە "تورکیا بەڕونیو بێ پێچو پەنا ئامادە بێت بەتەواوی هێزەکانی لەخاکی سوریا بکشێنێتەوە".
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەپشتیوانی تورکیا لەگروپە میلیشیاکانی نەیاری رژێمی دیمەشق کردو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنقەرەش پێویستە "هەر پشتیوانییەک بۆ تیرۆر ڕابگرێت".
بەشار ئەسەد جەختی لەوە کرد "ئەمە تاکە سیناریۆیە کە بەپێی ئەو سیناریۆیە دەتوانرێت دیدار لەگەڵ ئەردۆغان بەدیبهێنرێت".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی "کۆبونەوەیەکی لەو شێوەیە سودی چییەو ئەگەر ئەنجامێکی کۆتایی بۆ شەڕی سوریای لێنەکەوێتەوە، بۆچی پلانی بۆ دابنرێت؟".
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لەساڵی ٢٠١١، ئەنقەرە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری بەشار ئەسەدی کردو کۆماری ئیسلامی ئێرانو روسیاش پشتیوانی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان کرد.