ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی 2021ی فیدڕاڵی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ، وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان راسپێردران هه‌نگاوی كرده‌یی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ بگرنه‌به‌ر.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا، فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ 7ی (نیسان/4)ی 2021، وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان راسپێردران هه‌نگاوی كرده‌یی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی فیدڕاڵی ساڵی 2021 بگرنه‌ به‌ر.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، دیوانی چاودێری دارایی ھه‌رێمی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی دانانی پلانی هاوبه‌ش بۆ وردبینیكردنی داهاته‌كان و ده‌ستنیشان كردنی نوێنه‌ر، نوسراوێكی ئاراسته‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی كردوه‌ و نوێنه‌ری هه‌رێم له‌م باره‌وه‌ ده‌ستنیشان كردوه‌ و داوا له‌ دیوانی چاودێری عێراقی فیدڕاڵ ده‌كات هه‌مان ئه‌و ڕێكارانه‌ بگرنه‌به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی یاسای ناوبراو.

31ی مانگی (ئازار/3)ی 2021 دوای چه‌ندین دانوستانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021ی دارایی په‌سه‌ندكرا، پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌بودجه‌كه‌، بڕی 11 تریلیۆن و 482 ملیار دیناره‌.

به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، كه‌ په‌یوه‌ست كراوه‌ به‌ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێم پابه‌ند ده‌كرێت به‌ راده‌ستكردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ و نیوه‌ی داهاتی خاڵه‌ سنوری و فیدڕاڵیه‌كان به‌حكومه‌تی عێراق، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا 12.67%ی بودجه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات.