ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
رێگای كوردستان
 
كۆڕبەندی چەپی كوردستان لە یاداشتنامەیەكدا بۆ حزبە شیوعی و چەپەكانی جیهان رایدەگەینن: نیشتمانی ئێمە، كوردستان‌ و گەلەكەی بەپێچەوانەی ویست‌و ئارەزووی خۆی دابەش و پارچە پارچە کراوە بەسەر چوار دەوڵەتی( توركیا، ئێران، عێراق‌، سوریا)  داوای مافی خۆمان دەكەین ، كەچی گوێمان لێ نەگیراوە.

دەقی یاداشتنامەكە:
 
ئێمە لایەنەكانی كۆڕبەندی چەپی كوردستان، دەمانەوێ لە ڕێگەی ئەم یادداشتەماندا، پارتە تێكۆشەرەكانتان‌و هەروا لەڕێی بەرێزتانەوە سەرجەم ناوەندەكانی بڕیارو بەرپرس لە وڵاتەكانتان، لەڕەوشی كوردستان بەگشتی‌و دۆزە ڕەواكەی ئاگادار بكەینەوە.
بەڕێزان..نیشتمانی ئێمە، كوردستان‌ و گەلەكەی بەپێچەوانەی ویست‌و ئارەزووی خۆی دابەش و پارچە پارچە کراوە بەسەر چوار دەوڵەتی( توركیا، ئێران، عێراق‌، سوریا) ، لەسەدەی ڕابردوو.
گەلی كورد بەشێوازی ئاشتی‌و دیالۆگ داوای مافەكانی كردووە، كەچی گوێی لێ نەگیراوە، پاشان چەند شۆڕش‌و ڕاپەڕینی كردووە، بەڵام بە زەبروزەنگ، بەچەك وەڵامی داخوازیەكانی دەدرایەوە. لەلایەن ئەو چوار دەوڵەتە وەكو كۆڵۆنی مامەڵە لەگەڵ گەلی كورد كراوە و دەكرێت، ئەم شێوازەی چەوساندنەوەیە هەروا بەردەوامی هەیە.
- كوردستانی باكوور، ئەو بەشەیە کە بە دەوڵەتی توركیا لکێنراوە ، گەلی كورد لەو بەشەدا مافی كورد بوون‌ و مافی ئاخاڤتن و خوێندن‌ و نووسینی بەزمانی دایك،لێ قەدەغەكراوە. دەستوری توركیا جگە لە توركبوون‌و زمانی توركی، ماف بە هیچ گەل‌ و نەتەوە و زمانی دیكە لەتوركیا نادات، حكوومەتی ئێستای توركیا لەجیاتی پێداچوونەوە بە سیاسەتی پێشوویان، لەجیاتی دەستەبەركردنی ماف‌و ئازادییە بنچینەییەكانی گەلی كورد و گەلانی دیكەی توركیا. درێژە بەهەمان سیاسەتی پێشوو دەدا. توركیای كردووە بە زیندانێكی گەورە بۆ خەباتكاران و ئازادیخوازانی كورد.
- كوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو بەشەیە کە بە بە دەوڵەتی ئێران لکێنراوە، لەو بەشەدا نەك هەر پێشێلكردنی مافی مرۆڤ هەیە، ڕێز لە بنەماكانی ئازادی‌ و دیموكراسی ناگیرێ، مافی خوێندنیش بە زمانی دایك بەهاوڵاتیانی كورد لە ئێران ڕەوا نەبیندراوە. بزاڤی سیاسی كورد لەكوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕووبەڕووی سیاسەتی داپڵۆسێنەرانەی توندی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران بووەتەوە، گرتن‌و زیندانی كردن‌ و لە سێدارەدانی چالاكوانی مەدەنی‌ و سیاسی بەردەوامە، ڕژێمی ئێران لەجیاتی ئەوەی بەدیالۆگ چارەسەری دۆزی كورد بکا، بەهێزی چەك وەڵامی داخوازی ڕەوای كورد دەداتەوە.
- كوردستانی باشوور، ئەو بەشەیە کە بە دەوڵەتی عێراق لکێنراوە، لەو بەشەدا هەرێمێكی خۆبەڕێوەبەری فیدراڵ هەیە، لەدەرەوەی ئەم هەرێمەدا ناوچەی كوردستانی كێشە لەسەر هەیە، كە بەپێی ماددەی (140) ی دەستووری عێراق‌ ڕێكاری چارەسەركردنی بۆ دانراوە، بەڵام كێشەكە لەوەدایە کە حكومەتی عێراق دەستوور جێبەجێ ناكات، ئێستا لەو ناوچە كوردستانیانە سیاسەتی گۆڕانكاری دیموگرافی‌و تەعریبكردنی نوێ پیادە دەكرێ، حكومەتی عێراق، ئامادە نییە، لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوازی دیالۆگ بەپێی بنەمای دەستوور كێشەكان چارەسەر بكا، هەڵپەساردنی کێشەکانی ئەم ناوچەیە، هۆیەکە بۆ نەبوونی ئارامی و هەڕەشەی حەشدی شەعبی و گروپە تیرۆریستییەکان، هاوکات لە بەشێکی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان سوپای تورکیا سیاسەتی داگیرکاریی پیادە دەکات.
ـ ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو بەشەیە کە بە دەوڵەتی سوریا لکێنراوە، گەلی كورد لەو بەشەدا، لەنێو سوریا هێشتا دان بە بوونی نەنراوە، ڕژێمی بەشار ئەسەد بەشێوازی شۆڤێنیانە ‌و نكۆڵیكردن تەماشای كورد دەكا، ئەمە لەلایەك‌و لەلایەكی دیكە گەلی كورد بووە بە ئامانجی تیرۆریستان‌و هەڕەشەی گروپە تیرۆریستیەكانی لەسەرە، ئێستا ڕۆژئاوای كوردستان بەشێكی لەلایەن توركیا داگیركراوە، هێزە نێودەوڵەتییەکان لە بەر بەرژەوەندیی خۆیان چاوپۆشی لە سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، پێویستە لە چوارچێوەی چارەسەرێكی بنچینەیی مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ گەلی كورد لە داهاتووی سوریا مسۆگەر بكرێت.
بەڕێزان.. ئەوەی لەسەرەوە خراوەتەڕوو، بەشێكی بچووكە لە تابلۆیەكی گەورە، بەهۆی ئەو سیاسەتە چەوسێنەرانەو ناعادیلانەی لە بەرامبەر گەلی كورد پیادە دەكرێت، ئاستەنگ لەبەردەم گەشەكردنی ئاسایی كومەڵی كوردستان دروست بووە، گەلی كورد لەنێو ئەم دەوڵەتانەدا بەشی هەرە زۆری خەڵكی هەژارو زەحمەتكێشی ناوچەكە پێكدەهێنێ.ڕێژەی هەژاری‌و نەخوێندەواری كورد لەو وڵاتانەدا لەخەڵكی دیکە پترە.
- ئێمە پێمان وایە دۆزی كورد لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا بەشێوەی دیالۆگ ‌و ئاشتی چارەسەر دەكرێ.
- ئێمە پێشوازی لە داخوازی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەلی كورد و گەلانی دیكەی ئەو وڵاتانە دەكەین.
- ئێمە درێژە بە تێكۆشانمان دەدەین بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوە و زوڵم‌و زۆرداری‌و نەهێشتنی نابەرامبەری و بەدیهێنانی پاشەڕۆژێكی باشتر.
- ئێمە پێمان وایە چارەسەری دۆزی كورد، فاكتەرێكە بۆ ئاشتی‌و دابینكردنی ئاسایش‌و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بۆیە ئاواتەخوازین لەسەر بنەمای داننان بە مافی دیاریكردنی چارەنووس بۆ گەلانی ژێردەستەو ڕێزگرتن لە ویستی گەلان لە دۆزی گەلی كورد نزیك ببنەوە، لە ئاستی پارتە سیاسیەكانتان و وڵاتەكانتان پشتیوانی بكەن لە چارەسەركردنی دیموكراتی و ئاشتی‌و عادیلانەی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
لایەنەكانی كۆڕبەندی چەپی كوردستان:
1- پارتی كۆمۆنیستی كوردستان - باكوور(توركیا).
2- پارتی سۆسیالیستی كوردستان - باكوور(توركیا).
3- پارتی كۆمۆنیستی كوردستان - ڕۆژئاوا (سو ریا).
4- كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان - ڕۆژهەڵات(ئێران).
5- حزبی شیوعی كوردستان - باشوور(عێراق).
6- حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان - باشوور(عێراق).
7- بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان - باشوور(عێراق).
تەمموزی 2021