ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سوپاس پێزانینمان ئاڕاستەی پەرلەمانی بەلجیکا بە بۆنەی ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک جینۆساید دەکەین و دەستی یەکەبەیەکەی ئەو پەرلەمانتارانە دەکوشین کە دەنگیان بەو پرسە ڕەوایەدا، پرسێک کە ویژدانی تەواوی مرۆڤایەتیی هەژاند".

هەستمان کرد بە دڵێکی گەرمەوە خۆی و هەڤاڵانی لە لیژنەی ناوبراو دەیانەوێت ئەو پرسە سەرەتا لە پەرلەمانی خۆیان بوروژێنن و دواتر لە پەرلەمانی ئەوروپا

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەروەها سوپاسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی بەلجیکا دەکەن، بەتایبەتی ڕۆڵی سەرۆکی لیژنەکە (جۆرج دالیمانگ) ئەو کاتەی کە بەیەکەوه‌ لیژنەکەی ئەوان لە گفتوگۆیەکیاندا لەو بارەیەوە پێش نۆ مانگ لە پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، "هەستمان کرد بە دڵێکی گەرمەوە خۆی و هەڤاڵانی لە لیژنەی ناوبراو دەیانەوێت ئەو پرسە سەرەتا لە پەرلەمانی خۆیان بوروژێنن و دواتر لە پەرلەمانی ئەوروپا، ئەوە بو پڕۆژەبڕیارێکیان لەوبارەیەوە بۆ "ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان وەک جینۆساید" پێشکەش بە پەرلەمانەکەیان کرد.

لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستان باسی لەوەشکرد، "ئەو بڕیارە دڵی هەمو ئێزدییەک و کوردستانییەک و ئازادیخوازێکی خۆش کرد، کە ئامانج لێی چەسپاندنی مافی یاسایی و مەعنەوی و مادیی خوشک و برا ئێزدییەکانە دەرهەق بەو تاوانە گەورەو قیزەوەنەیە کە لە بەرامبەریان کرا".

ئەوەشی خستەڕو، "هیوادارین ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی بەلجیکا هاندەرێک بێت بۆ پەرلەمانانی وڵاتانی دیکەش تا هەمان هەنگاو بگرنە بەر و ئەرکی دادپەروەری بەرامبەر بە قوربانیانی کەیسەکە و کەس و کاریان جێبەجێبکەن تا ڕەوتی ئازادی لە سەرانسەری جیهان لە هەمبەر ڕەوتی دڕندەیی و ستەم سەرکەوێت و جیهانێکی دور لە تاوان و کۆمەڵکوژی ئاوا بکرێت، هەمیش حکومەتی عێڕاق بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتیی یاسایی و بە ئەرکە یاساییەکانی خۆی لەو ڕووەوە هەڵسێت".

 لە کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی 5 هەزار کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە کوژراون و بە هەزاران کەسیشیان رفێنراون

لە سێی (ئاب/8)ی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە کۆمەڵکوژییەکەدا نزیکەی 5 هەزار کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە کوژراون و بە هەزاران کەسیشیان رفێنراون کە تاوەکو ئێستا چارەنوسی هەندێکیان نادیارە.