ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە 11ی سەبتەمبەری 2001 دا چەند گروپێکی تیرۆریست چوار فرۆکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا ڕفاند و بە چەند باڵاخانەیەکی گرنگی نیویورک و واشنتندا تەقاندوە. دوای ئەم ڕووداوە کە بوو بە هۆی کوشتنی سێ هەزار کەس، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شەڕی دژ بە تیرۆری ڕاگەیاند، و دووای مانگێک ئەمەریکا بە مەبەستی نەهێشتنی ڕێکخراوی قاعدە و گرتنی بن لادن پرۆسەی داگیرکردنی ئەفغانستانی ڕاگەیاند و تاڵەبانی لە حوکمرانی نەهێشت و لە 2011 دا ئەمەریکا بن لادنی لە پاکستان کوشت.

بە درێژایی بیست ساڵ لە ڕاگەیاندنی شەڕی تیرۆر و ناساندنی سەرکردەکانی قاعدە و تاڵەبان بە تیرۆریست لە 2021دا ئەمەریکا دووای رێکەوتنی لە گەڵ تاڵەبان لە دوحە، ئەفغانستان جێ دەهێلێت و بەمەش زەمینە بۆ گەڕانەوەی تاڵەبان بۆ حوکم خۆش دەکات و ئەو سەرکردانە و گرۆپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی دیکەی ئەفغانستان بە پێی گوتاری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کاتی بوونی سوڤیەت لە ئەفغانستان موجاهید بوون و دووای 11ی سەبتەمبەر بوون بە تیرۆریست و دووای ڕیکەوتنی دوحەش ماوەیک چاوەڕوان دەکرێ کە ئەمەریکا وەک تاکە جەمسەر بە موجاهید بیانژمێرێ یان تیرۆریست.

دووای تێپەربوونی بیست ساڵ لە سەر شاڵاوەکانی 11ی سەبتەمبەر و ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە تیرۆر، تابلۆی کارکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی تیرۆر ئەرێنی نییە. لەو ماوەیەدا ڕاستە قاعیدە زەبری کوشندەی بەرکەوت و بن لادن کوژرا، بەڵام قاعیدە لە رێکخراوێکی تیرۆریست کە بە شێوەیەکی ناوەندنی کاری دەکرد، دەیان رێکخراوی دیکەی لە شوێن و وڵاتی دیکەی ئەم جیهانە هێنایە کایەوە. نموونەی ئەو رێکخراوانە کە هەردەم بە شێوازیی دیکە درووست بوون و چاوەڕێ دەکرێ درووست بن زۆرن هەر بۆ نموونە دەتوانیین ئاماژە بە گرۆپی زرقاوی و شبابی سۆماڵ و قاعیدە لە یەمەن و لە نیمچە دوورگەی عەرەب، و لە مەغریب و باکوری ئەفریقیا و نەسڕە لە سوریا کە بە ناوی دەستەی ڕزگارکردنی شام کاردەکات و شاری ئدلبی بە دەستە و رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و لە شام کە بەغدادی سەرکردایەتی دەکرد و جینوسایدی دژ بە ئێزیدییەکان ڕاگەیاند و ئێستا رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی خراسان لە ئەفغانستان و ... هتد، و ئێستا ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستانە لە 28 دەوڵەتدا بوونیان هەیە، و شاڵاوە تیرۆریستییەکان لە چەند ساڵی ڕابووردوودا گەیشتە ناوەندی وڵاتانی یەکێتی ئۆروپا.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابووردوودا زەبری کوشندە بەر کەسایەتی تیرۆریستی ئەو رێکخراوانە کەوت، بەڵام گەورەترین چالاکی دژ بە تیرۆریستان ڕوخاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق و شام بوو کە ڕاستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر سەرکەوتنی وەدەس هێنا، بەڵام ئەو سەرکەوتنە بێ کارو چاڵاکی هێزە لۆکاڵییان نەدەکرا کە لە سەرووی هەموویانەوە چالاکی پێشمەرگە بوو دژ بە تیرۆر و هەڵوێستی بنیاتگەرانەی کۆمەڵگای کوردستان بوو لە باشور و رۆژئاوا کە زەمینەی بۆ تیرۆر نەرەخساندبوو.

بەڵام لە گەڵ تێکڕای ئەو کارانەی دژ بە تیرۆریستان و گرۆپەکانی کراوە، تابلوی جیهان ئەوەمان پێ دەڵێت کە مەترسی تیرۆر بەردەوامە و هۆکاری ئەم ڕەوشە کە مەترسییە لە سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوخۆیی هەر وڵاتێک و لە هەموو جیهاندا بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە، لەوانە:

ـ لە تێکڕای چاڵاکییەکان بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر کار و چالاکییەکان تەنها دژ بە تیرۆریستان کراوە نەک تیرۆر وەک ئاراستە و چەمک و بۆچوون کە تا ئێستا تیرۆریستان دەتوانن گوتارێکی سیاسی چەواشەکەرانە وەک بیانوو هێنانەوە بۆ کارە تیرۆریستییەکانیان بەکار بهێنن.

ـ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تا ئێستا لە سەر پێناسەیەکی گشتگیر و یەکلاکەرەوە بۆ چەمکی تیرۆر رێکنەکەوتوون و تا ئێستا لە بواری پێناسەی ئەم چەمکە باس لە زیاتر لە سەد پێناسە دەکرێت، و لە کۆتایشدا بەرژەوەندی تاکە جەمسەری ئەمڕۆی جیهان کە ئەمەریکایە و بەرژەوەندییە زیندووکانی خۆی لە هەر قۆناغێکدا دەکاتە پێوەری کار و ڕەفتاری سیاسی لە گەڵ ئەم بابەتە.

ـ لە بواری مامەڵەکردن لە گەڵ قەڵاچۆکردنی تیرۆر تا ئێستا کار و کردەوەی وڵاتان بۆ نەهێشتنی تیرۆر لە بازنەی مامەڵەکردنە لە گەڵ ئەم دیاردەیە وەک بابەتێکی عەسکەری و ئەمەنی و تەنانەت لە هەندێ نموونەی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی لە وڵاتانی ئۆروپا لاوازی لە بواری گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و بەدوواداچوون هەیە، و تا ئێستا ناوەندەکانی توێژینەوەی وڵاتە زلهێزەکان و دەستەی حوکمرانان لەو وڵاتانەی کاری تیرۆری تێدا هەیە بە پێی پێویست توێژینەوەیان لە سەر هۆکاری ڕاستەقینەی تیرۆر نەکردوە.

ـ لە ئاکامی کارەکانی دژایەتی کردنی تیرۆر کۆمەلێک بابەتی گرنگ لە ئارادان و تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یەکلای نەکردۆتەوە، و هەست بە بەرپرسی گشتی ناکات، لەوانە دادگایی کردنی تاوانبارانی داعش کە زۆربەیان لە ڕۆژئاوی کوردستانن و جگە لە بوونی هەزارەها داعش لە بەندیخانەکانی عێڕاق، کە تا ئێستا ئەم بابەتە یەکلا نەبۆتەوە و ئەرک و بەرپرسیاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.

چاوگێڕانەوەیک بۆ ڕەوشی ئێستای جیهان ڕاستییەکەمان بۆ دەردەخات کە چارەسەرنەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی جیهان کە هەردەم چاوگی بارگرژی لۆکاڵی و نێودەوڵەتین، و بوونی دەوڵەتی ئیستبدادی و تۆقینەر، و نەبوونی پرۆسەی ڕۆشنفیکری و پەککەوتنی پرۆسەکانی گەشەپێدان و نەبوونی کۆمەکی یەکتر لە نێوان کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، و نەبوونی بەرپرسیاری جیهانی سەبارەت بە پاراستنی ئاشتی ڕەوا لە جیهاندا، و بەردەوامبوونی تاکە جەمسەری، هۆکارن بۆ بەردەوامبوونی دیاردەی تیرۆر.