ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، زه‌نگی نوێی ساڵی خوێندنی 2021-2022 له‌ هه‌رێمی كوردستان لێده‌درێت و خوێندنی ناوپۆل ده‌ستپێده‌كات، له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش، قۆناغه‌كانی 1-7ی بنه‌ڕه‌تی و 10 و 12ی ئاماده‌یی پێداچوونه‌وه‌ به‌وانه‌كانی ساڵی رابردوو ناكه‌ن و راسته‌وخۆ ده‌ست به‌خوێندنی ناو پۆل ده‌كه‌ن.

به‌گوێره‌ی بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 14ی (ئه‌یلول/9)ی 2021 زه‌نگی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2021 -2022 لێده‌درێت و راسته‌وخۆ خوێندكاران ده‌ست به‌خوێندنی وانه‌ی ساڵی نوێ ده‌كه‌ن.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر له‌مه‌راسیمێكدا زه‌نگی خوێندن لێ بدات، به‌هه‌مانشێوه‌ش له‌ شاری سلێمانی، به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی په‌روه‌رده‌یی كوردستان-كۆری زه‌نگی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لێده‌ده‌ن.

دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن كه‌ سبه‌ی 14ی ئه‌یلول یه‌كه‌مین رۆژی ده‌ستپێكی خوێندن ده‌بێت، له‌سه‌ر بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ قۆناغه‌كانی 1 تا 7 بنه‌ڕه‌تی  و پۆلی  10 و 12ی ئاماده‌ی پێداچونه‌وه‌ به‌ وانه‌كانی ساڵی رابردودا ناكه‌ن و راسته‌وخۆ وانه‌كانی ساڵی نوێ ده‌خوێنن.

له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردودا و به‌هۆی كۆرۆناوه‌، ده‌وامی رێژه‌یی له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن په‌یڕه‌و كرا و له‌زۆربه‌ی خوێندنگه‌كان، خوێندن به‌ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو، له‌مساڵدا بڕیاره‌ سه‌رجه‌م رۆژه‌كانی هه‌فته‌ ده‌وام بكرێت و خوێندنیش به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ له‌ناو پۆل بێت.

به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق بڕیاریداوه‌ جیاواز له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ رۆژی 1ی (تشرینی دوه‌م/11)ی 2021ه‌وه‌ ده‌ست به‌ پرۆسه‌ی خوێندنی ساڵی 2021-2022 بكرێت.