ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

٭ لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن،ئێمە لە رێکخراوی پیشەیی مامۆستایان،گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە هەموو مامۆستایان وقوتابی و خوێندکارانی کوردستان دەکەین و بە هیواین ئەمساڵی خوێندن تەندروست بێت بۆ مامۆستایان و فێرخوازان و لەناو پۆلدا بێت ..هەروەها سەرەخۆشی لە خانەوادەی مامۆستا کۆچکردووەکان دەکەین کە بە هۆی کۆرۆنا کۆچی دواییان کردووە.

لە ساڵانی رابردوودا بارودۆخی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی خواستی ئێمەدا نەبووە.نموونەمان بایەخنەدانی حکومەتە بە کەرتی پەروەردە بە شێوەیەکی گشتی و فراوان.هەر لە خراپی سیستەم و ژیان و گوزەرانی مامۆستایانەوە دەستپێدەکات،تا دەگاتە ئەوەی کە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان وەکو پێویست لە سەنگەری بەرگری لە مامۆستایان نەبووە.لە هەندێ شوێن رۆڵی داکۆکیکاری هەبووە لە دەسەڵات..

٭لەم بۆنە پیرۆزەدا جەخت لەسەر ئەم داواکاریە ڕەوایانەی خوارەوە دەکەینەوە:

۱- گەڕاندنەوەی پلە بەرزکردنەوە(ترفیع)بۆ مامۆستایان و گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان،لە رێگای کاراکردنی هەژماری بانکی بە زووترین کات.

۲- رێکخستنەوەی میلاکاتی قوتابخانەکان ،بە شێوەیەک بارگرانی لەسەر مامۆستایان کەم بکاتەوەو دادپەروەری ڕەچاوبکرێت،لەگەل فەراهەمکردنی پێداویستییە گرنگەکانی قوتابخانەکان و شکۆی مامۆستایان.

۳- بایەخدان بە سیستەمی پەروەردەی گشتی و کەمکردنەوەی رووکردنە قوتابخانە تایبەتەکان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازیەکان.

٤- دامەزراندنی مامۆستایانی تازە بۆ ئەوەی مامۆستایانی دوورەدەست بێنەوە نزیک و وانەبێژان سوود لە دامەزراندن وەربگرن.

٥- بایەخدان بە ناوچە دابڕێنراوەکان لە ڕووی دامەزراندن ،هەروا دەرفەت بۆ قوتابیانی ئەم ناوچانە خۆش بکرێت خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان تەواوبکەن.

٦- گۆڕانکاری لە ئیدارەی قوتابخانەکان بکرێت و دەستی حزب لە پرۆسەی پەروەردە دوور بخرێتەوە.

۷- ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین بگیرێت،گوێ لە داخوازی مامۆستایان بگیرێت،مامۆستا دەستگیرکراوەکانی بادینان ئازاد بکرێن.

رێکخراوی پیشەیی

مامۆستایانی کوردستان