ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە .

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/10/13، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە".

لە راگەندراوەکەدا هاتووە "هاوکات لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت".

به‌ گوێره‌ی په‌یكه‌ری رێكخراوه‌یی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، خانه‌ی راپه‌ڕاندن به‌رزترین ئاستی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ و پێکدێت لە هه‌ریه‌ك له‌ رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌كه‌ و به‌رپرسانی ژووره‌كانی گۆڕان.

دەستلەکارکێشانەوەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا گۆڕان کە بەلیستێکی هاوبەش لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنەکە بوو نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ دەرچوونی هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی بەدەستبهێنێت.

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە کە بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی ٢٠١٨دا ١٩٩٦١١ دەنگی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی ٥ کورسی، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تەنها ٢٢٣٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا و هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی دەرنەچوون.