ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ

ڕێگایەکی کورت، جووت سایدـ، بە جادەی شەست مەتری ناسراوە و وەکوو نیمچە بازنەیەک دەوری قەڵادزێی داوە، کەوتۆتە باکوری شارەکە، درێژایی ڕێگاکە  دوو سێ کیلۆمەترێک دەبێت و پێویستی بە قیڕ کردن ھەیە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت  لە سنووری قەڵادزێ چەندین ساڵە گوێی پێ نادەن و وێڵیان کردووە، ئەمەیش نیگەرانی زۆری لای دانیشتوانی نزیک ئەو ڕێگایە دروست کردووە.

 "ئامانج خدر"یەکێک لە دانیشتوانی نزیک ئەو ڕێگایە بۆ (ڕێگای کورستان)گوتی"چەندین ساڵە جوت سایدی ڕێگای شەست مەتری وەکوو خۆی ماوەتەوە و شارەوانی قەڵادزێ گوێی پێ نادات، ئەو ڕێگایە تەپوتۆزی زۆری ھەیە، تەنانەت  تەپوتۆزەکە  لەناو ژوورەکانیشدا لەسەر کەلوپەل و پێویستییەکانی ناوماڵمان دەنیشێت".

 ڕێگای جوت سایدی شەست مەتری قەڵادزێ، زۆرجار لەناو خەڵکدا بە (جادەی بەنزین فرۆشان)یش ناو دەبرێت، چونکە بەشێکی زۆری ئەو  ھاوڵاتیانەی بەنزین دەفرۆشن کەوتونەتە تەنیشت ئەو ڕێگایە.

 ھەر لە نزیک ئەو ڕێگایە، یاریگای وەرزشی(عەبدوڵا دەوەن)یش ھەیە، کە یەکێکە لە یاریگا باشەکانی قەڵادزێ بۆ یاری تۆپی پێ، بەڵام وەرزشکارانی ئەو سنوورە سەبارەت بەو ڕێگایە نیگەرانییان ھەیە، چونکە تەپوتۆزی  ڕێگاکە کێشەی بۆ وەرزشکارانەش درووستکردووە کە لەناو ئەو یاریگایەدا یاری دەکەن.

 "ئەکرەم ئەحمەد"یاریزانی یاری تۆپی پێیە، سەبارەت بە تەپوتۆزی ئەو ڕێگایە دەڵێت"ئێمە وەرزش دەکەین بۆ ئاسوودەیی دەروون و جەستەیەکی تەندروست، بەڵام بەھۆی تەپوتۆزەوە بەشێکی زۆری یاریزانەکان توشی نەخۆشی ڕەبۆ و نەخۆشییەکانی قوڕگ و ھەناسە ھاتوون".

 "زۆربەی ئەو یاریزانانەی لە یاریگای عەبدوڵا دەوەن یاری دەکەن، بەھۆی تەپوتۆزەوە زوو ماندوو دەبن، ئەمەش زیانی زۆرترە لە قازانج". ئەکرەم ئەحمەد وایگوت.

 ھەر لە دوورەوە کە تەماشایەکی خانووەکانی نزیک ئەو  ڕێگایە دەکەیت، خانووەکان ماندوو دیارن، وەکوو ئەوە وایە سەد ساڵ بێت دروست کرابن، ڕوکاری دەرەوەیان ھەمووی ڕەنگی بۆر و خۆڵە مێشییە،ئەوەش بەھۆی ئەوەی تۆزی زۆریان لەسەر نیشتووە.

 "پورە فاتم" ژنێکی  بەساڵاچووی دانیشتووی نزیک ئەو ڕێگایەیە، لەبەردەم ماڵەکەیان دانیشتبوو، ناوبراو قسەی بۆ ڕێگای کوردستان کرد و  دەیگوت" ھەموو ساڵێک ڕووی دەرەوەی ماڵەکەمان بۆیاغ دەکەین بۆئەوەی لەدوورەوە جوان خۆی بنوێنێت، بەڵام مانگێک نابات تەپوتۆز ڕەنگەکەی دادەپۆشێت!".

 "شارەوانی قەڵادزێ ھەر شتێک قازانج و خێری ئەو خەڵکەی تێدابێت نایکات". ئەوە قسەی پورەفاتم بوو.

 ڕێگای جوت سایدی قەڵادزێ، یان جادەی شەستی، چەند سەد مەترێک لە بینای شارەوانی قەڵادزێ دوورە، ھەموو بەرپرسەکانی ئەو سنوورەش ئەو ڕێگایە دەبینن، بەڵام فەرامۆشیان کردووە و ھیچ بۆیان گرنگ نییە خەڵک لە چ بارودۆخێکدا دەژیت!.

 شەماڵ گەنجێکی وەرزشکارە، وەک خۆی گوتی ھەفتەی دوو ڕۆژ بە پاسکیلەکەی لەو ڕێگایە سەرقاڵی وەرزشکردنە، ئەویش وەکوو زۆربەی دانیشتوانی نزیک ئەو جادەیە گلەیی ھەیە. شەماڵ دەیگوت"تەنھا ئەو کاتانە ئەو ڕێگایەیان بیر دەکەوێتەوە کە ھەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە، ئەوکاتەش چەند درۆیەک بۆ خەڵک دەکەن و ڕێگاکەش ھەروەکوو خۆی دەمێنێتەوە!".

 ئەو گەنجە گوتیشی" لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(٢٠٢١)، یەکێک لە بەربژێرەکان کە ھاوکات قایمقامی قەڵادزێشە، بەڵێنی قیرکردنی ئەو جادەیەی بەخەڵکدا، بەڵام  جگەلەوەی دەنگی پێویستی بەدەست نەھێنا، ھاوکات بەڵێنەکەشی نەبردەسەر".