ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شاعیری چەوساوەكان و ناوداری عێراقی موزەفەر نەواب جێی هێشتین.

رێكەوتی ۲۰۲۲/٥/۲۰ لە نەخۆشخانەی جامیعە لە شاری شاریقەی وڵاتی ئیماراتی عەرەبی، دوای ململانێیەکی دوورودرێژ لەگەڵ نەخۆشی دڵە گەورەکەی شاعیری ناسراوی عێراق و جیهان، شاعیری چەوساوەكان و یاخی لە دەسەڵاتە دیكتاتۆریەكان، موزەفەر نەواب لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە جێی هێشتین.

موزەفەر نەواب شاعیری پێشکەوتنخوازو شیوعی هەڵگری خەمی گەل و وڵات بوو، لە ساڵی ١٩٣٤ لە شاری بەغداد لە دایکبووە و لەسەرەتای تەمەنیەوە تێکەڵ بە دنیای ئەدەب و سیاسەت دەبێت، لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و بەعس چەندین جار دووچاری زیندانیکردن و ڕاوەدوونان و ئاوارەیی بووە و لە تاراوگەدا چەندین شیعری نیشتمانی نووسیوەو توانیبووی جێگەی خۆی لەدڵی هاوڕێیان و بەرهەڵستكارانی رژێمی بەعسدا بكاتەوە، هەمیشە لە كۆڕەكانیدا لایەنگری چینی زەحمەتكێش و هەژاران دەبوو، ئەو لەهەموو بەرهەڵستكاران زیاتر دڕندەیی بەعسی بەنیشتمانی عەرەبی و جیهان ناساند بۆیە هەر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس جارێکی تر تاراوگەی جێهێشت و گەڕایەوە بۆ باوەشی نیشتمان، خۆی وتەنی کفنی ئاوارەیی لەبەرخۆی داماڵی.

موزەفەر نەواب نووسەری سەدان و هەزاران شیعر و قەسیدەی دانسقەیەو بە زمانێکی میللی ڕەسەنی عێراقی نووسراون، بەداخەوە لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەیەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان لە شیعر و نیشتمان و هاوڕێیانی كرد، بەڵام سەروەتێكی گەورەی بۆجێهێشتین و هەڵوێستەكانی ئەو نموونەی شیوعیەكی خۆڕاگر بوو دژی هەموو ئەو چەوسێنەرانەی دەبنە بەڵا بەسەر نیشتمانەوە.

ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان هەست بەئازار و لە دەستدانی كەسایەتیەكی چەپی گەورەی عێراقی دەكەین و هاوخەمی خۆمان بە خانەوادەكەی و تەواوی هاوڕێیانی رادەگەیەنین.

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان

20/5/2022