ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌باره‌ی ناردنی به‌شه‌خۆراكی مانگانه‌ نیگه‌رانیان گه‌یاندوه‌ته‌ به‌غدا و له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زیری بازرگانی عێراق به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی داوه‌.

كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ كۆگاكانی شاری سلێمانی به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند، "بڕیارمانداوه‌ به‌ دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ راستی ئه‌وه‌یه‌ ئایا هیچ كه‌مته‌رخه‌مییه‌ك كراوه‌ و ئایا خۆراك گه‌یشتوه‌ته‌ سلێمانی و دابه‌ش نه‌كرێت؟ یان نا، له‌سه‌ر راپۆرتی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بڕیار ده‌ده‌ین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دو نوسراویان له‌باره‌ی گه‌نم و به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ ناردوه‌ بۆ وه‌زیری بازرگانی عێراق و نیگه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیان پێگه‌یاندوه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ دواده‌كه‌وێت، به‌ڵێنیدا كه‌ رێگه‌نه‌دات دوباره‌ ببێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن.

له‌باره‌ی بڕیاری جێبه‌جێكردنی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق كه‌ ده‌ڵێت، هه‌ر خێزانێك موچه‌كه‌ی له‌ ملیۆنێك و 500 هه‌زار دینار زیاتر بێت، به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ی ده‌بڕدرێت، كه‌مال موسلیم باسی له‌وه‌كرد، "بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێكراوه‌ و نوسراوی خۆمان داوه‌ته‌ وه‌زاره‌تی دارایی بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێ بكرێت".

په‌یوه‌ست به‌ نرخی ئارد و كێشه‌ی نانه‌واخانه‌كان، وتی، "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رسوماتی گومرگی له‌سه‌ر هه‌شت مادده‌ی خۆراكی لابردوه‌ بۆ ماوه‌ی دو مانگ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئایا له‌و دو مانگه‌ ئه‌و دو خۆراك چ كاریگه‌ریه‌ك له‌سه‌ر بازاڕ ده‌كات، ئه‌گه‌ر سودی هه‌بێت ئه‌وا به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ری".