ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو خۆڵبارینەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە ئەمڕۆ تا نیوەڕۆكەشی چالاك دەبێت، بەڵام لە رۆژی چوارشەمەوە دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە "لەگەڵ ھاتنی كاریگەری ئەو شەپۆڵە خۆڵبارینەی رووی لە ناوچەكەمان كردووە كە بۆتە ھۆی كەمبوونەوەی مەودای بینینی ئاسۆی و ستوونی، سەرچاوەی خۆڵبارینەكە لە سنووری نێوان عێراق و سووریاوە لەگەڵ بەشێك لە ناوچەكانی باشووری ڕۆژئاوای عێراق رووی لە ناوچەكەمان كردووە".

وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەكردووە "كاریگەری ئەم ڕەوشە ناجێگیرە ئەمڕۆ بەردەوامی دەبێت سەرەتا لەكاتەكانی بەرەبەیانی زوودا كاریگەریكەی زۆر دەبێت تا كاتژێر 10 پێشنیوەرۆ و مەودای بینین 3 بۆ 5 كم دەبێت  پاشان كاریگەریەكەی لاواز دەبێت بەجۆرێك مەودای بینین دەبێتە 5 بۆ 7 كم، دواتر لە كاتەكانی ئێوارەدا كاریگەریەكەی لاوازتر دەبێت و خێرایی با  كەمێك چالاك دەبێت".

راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە "لەناوچەكانی كەركوك و گەرمیان كاریگەریەكە زیاتر دەبێت و مەودای بینین كەمتر دەبێت لە 2 كم و پێشبینی  تۆزوخۆڵ تا سبەی سێشەممە بەردەوامی دەبێت و لە كاتەكانی ئێوارەدا  بەرەو لاوازی دەچێت، بەڵام بۆ رۆژی چوارشەممە كاریگەری خۆڵ بارین بە تەواوی كۆتای دێت".