بەهۆی کاریگەری خۆڵبارین، لەچەند كاتژمێری رابردوودا ٨٠ هاوڵاتی سەردانی بەشی فریاکەوتنی نهخۆشخانهكانیان کردووە لە سلێمانی.
بەهۆی ئەو خۆڵبارینە چڕەی لە ماوەی چەند كاتژمێری رابردوودا ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووهتەوە، ئاستی بینین کەم بووهتەوە کاریگەری نەرێنی کردووهتە سەر تەندروستی هاووڵاتیان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوەندە تەندروستییەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی دەستکەوتوون، لە هەردوو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی شار و دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی فێرکاری منداڵان، لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی تۆز و خۆڵ بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکان تائێستا ٨٠ کەس سەردانی ئەو دوو نەخۆشخانەیان کردووە و چارە سەریان بۆ کراوە.
لەلایەکی ترەوە بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای هەڵەبجەی گرتووەتەوە، لەبەر رەوشی بریندارانی چەکی کیمیاوی و بۆ پاراستنی گیانی فەرمانبەران، لەژێر رۆشنایی رێنماییە تەندرووستیەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم و ناوەند و زانیاریە کەشناسیەکان کە سبەینێش خۆڵبارین بەردەوامە، بە بڕیاری پارێزگاری هەڵەبجە سبەینێ کە دەکاتە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٢ لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە پشووی فەرمی دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی شەپۆلی چڕی خۆڵبارینەوە، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەرجەم گەشتەکانی بۆ کاتێکی نادیار راگرتبوو، بەڵام لە ئێوارەی ئەمرۆدا جارێکی تر بریاری دا گەشتەکان ئاسایی بکرێنەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاندووە، بەھۆی ئاسایی بوونەوەی ماوەیی بینین کەمبوونەوەی کاریگەری شەپۆلی خۆڵبارین، ئاسمانی فرۆکەخانە بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە و بە پێی خشتەکانی دیاریکراو گەشتەکان ئاسایی بوونەتەوە و بەردەوامن .