ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
سەروتار
لە ڕەوشێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئاڵۆزدا، کە هیچ گرنتییەکی ناوخۆیی دەوڵەتی عێراق و گرەنتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە ڕەنجی قوربانیدانی سەد ساڵی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستانە، لە ئارادا نییە.
قەوارەی هەرێم لە ڕوانگەی هاوسەنگییەکی نا سەقامگیری گشتی تەماشا دەکرێت، و چەندین جار دۆستانی گەلەکەمان دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیان سەبارەت بە مەترسی و هەڕەشەکان ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام لەوە دەچێت هاوپەیمانی حوکمران جگە لە ململانێ لە سەر بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆیان، بێ باکن و وریاکردنەوەی جەماوەر و دۆستان بە هەند وەرناگرن، و بەم جۆرە ڕەوشێکی ناسەقامگیری ئەوتۆیان درووست کردووە، کە جەماوەری کوردستان هەردەم لە دڵەڕاوکێدایە.
ڕەوشی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیەكی ڕەخنەگرانە لە لایەن حوکمرانانەوە هەیە، کە یارمەتیدەری هەڵسەنگاندنێکی سەرانسەری ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی و کەلتوری بێت، بە جۆرێک کار بۆ دەستنیشانکردنی ناکۆکییە سەرەکییەکان بکرێت، کە لە لایەکەوە پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەبێت، و لە لایەکی دیکەوە پەیوەندییان بە بە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانەوە هەبێت، و هەڕشە و مەترسییەکان گەورەترە لە ململانێ لە سەر پشک و پلە و پۆست.
چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە سازشکردن لە سەر پلە و پۆست و کۆکردنەوەی پرۆسەی دیموکراتی لە چەند دەقیقەیەکی کاتی هەڵبژاردن، ئەنجام نادرێت.
هەرەشەکان گەورن، و کێشەکانیش بە پینەوپەڕو چارەسەرناکرێت.
کێشەی سەرەکی کێشەی متمانەی خەڵکە بە دەسەڵات کە بە سەپاندنی دەسەلاتی ڕەها و زەوتکردنی ئازادییەکان، و بەردەوامبوونی ئاراستەی هەراجکردنی هەموو چالاکییەکی ئابووری بۆ کەرتی تایبەت، و خۆدزینەوە لە خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندنی و خەرجییە کۆمەڵایەتییەکان، کێشەکان چارەسەرناکرێت.
هەڕەشەکان مەترسیدار و زۆرن، و کاردانەوە بۆ پاراستنی گەل و بزوتنەوە رزگاریخوازەکەی و قوربانییەکانی جەماوەر لە ئاستی ئەو هەڕەشانە نین.
ئەم ڕەوشە پێویستی بە بیرکردنەوە و هەنگاو و سیاسەتی نوێ هەیە.