لیژنهی دارایی و كاروباری ئابوری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ گفتوگۆیان لەسەر یاداشتێک کردوە کە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاڕاستەی لیژنەکەیان کراوە و تیایدا داوا دەکرێت ئەو قەرزانەی حکومەت کە لەلای موچەخۆرانە، بەشێوەی "مقاصە" واتە لە موچە پاشەکەوتکراو و لێبڕاوەکان هەڵیگرێتەوە.
راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ئامادەکردنی دوانزە ڕاپۆرت، ئهمڕۆ سێشەممه لیژنهی دارایی و كاروباری ئابوری، بهسهرپهرشتیی زیاد جهبار سهرۆكی لیژنه کۆبوەوه.
ئەوەش هاتوە، لەکۆبونەوەکەدا سەبارەت بەو کێشە و پرسانەی کە لە دانیشتنی پێشوی پەرلەمان، بە یاداشت ئاڕاستەی لیژنەکە کرابون، دوا بە دوای بەدواداچونێک لەلایەن ئەو لیژنە لاوەکییانەی کە پێکهێنرابون، ئامادەکاری بۆ دوانزە ڕاپۆرت کرا بۆ ئەوەی سەرجەمیان بکرێنە ڕاپۆرتێکی گشتگیر و لە کۆبونەوەی داهاتوی لیژنەکەدا گفتوگۆی زیاتریان لەسەر بکرێت.
لیژنهی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمان ئەوەشی خستوەتەڕو، ڕاپۆرتەکانیش کە گفتوگۆیان لەسەر کراوە بریتیون لە ئەو قەرزانەی حکومەت کە لەلای موچەخۆرانە بەشێوەی "مقاصە" واتە لە موچە پاشەکەوتکراو و لێبڕاوەکان هەڵیگرێتەوە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان، پرسی دواکەوتنی موچە و گەڕاندنەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکان، داهاتی خاڵە سنورییەکان، دۆخی دارایی لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان، خراپیی میکانیزمی دابەشکردنی موچەو دواکەوتنی، خراپیی کۆکردنەوەی باج و ڕسومات، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.
باسی لەوەشکردوە، هەروەها گفتوگۆ کراوە لەسەر یاداشتەکانی تایبەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست ، سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان، و دەرچوانی دانەمەزراو، زیادکردنی باج و گرانبونی نرخی بازاڕ، چارەنوسی شایستە داراییەکانی ژنانی بێ هاوسەر و بەخێوکەرانی پەککەوتوان، و کێشەی بێکاری و دامەزراندن.
لیژنهی دارایی و كاروباری ئابوری ئاماژەی بەوەشداوە، تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بو بە خستنەڕوی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی کە لەلایەن دەستەی چاودێری دارایی ئاڕاستەی لیژنەکەیان کرابو، بڕیاردرا لە کۆبونەوەی داهاتوی لیژنەکەدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.