ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

14 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا لە سلێمانی و هەولێر تۆماركراون و 3 كەسیش بە هەمان هۆكار گیانیان لەدەستداوە، لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا هەزاران حاڵەتی تووش بوون بە نەخۆشییەكانی سكچوونی توند لە هەرێمی كوردستان چوونەتە نەخۆشخانەكان، باری لەناكاویش لە چەند شوێنێك راگەیەندراوە.

لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا سەدان حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی سكچوونی تووند لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون و رێژەكەش تاكو دێت زیاتر دەبێت، ئەگەرچی تاكو ئێستا پشكنین بۆ سەرجەم نەخۆشەكان نەكراوە، بەڵام بەگوتەی چەند سەرچاوەیەك شەپۆلێكی گەورەی كۆلێرا لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبحە، هەولێر و كەركووك بڵاو بووەتەوە.

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رای دەگەێنێت لەماوەی شەش رۆژی رابردوودا نزیكەی چوار هەزار حاڵەتی تووشبوون بە پەتای سكچوون و رشانەوە لە نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی تۆماركراون و لەو ژمارەیەش بەشێكی زۆریان لە نەخۆشخانەكان داخڵكراون كە حاڵەتی مەترسیداریشیان تێدابووە، بەڵام توانراوە چارەسەری پێویستیان بۆ بكرێت و بگەڕێندرێنەوە ماڵەكانی خۆیان.

ئەگەرچی تا ئێستا پشتراست نەكراوەتەوە سەرەجەم ئەوانەی كە سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە بەهۆی سكچوون و رشانەوەوە تووشی كۆلێرا بوون یاخود نا، بەڵام بەگوتەی سەرچاوەیەك لە تەندروستی سلێمانی پەتای كۆلێرا بەشێوەیەكی بەربڵاو لە پارێزگاكەدا بڵاو بووەتەوە و بەگوێرەی ئەو دەرئەنجامانەش تاكو ئێستا گەڕاونەتەوە، پەتاكە بە شێوەیەكی بەربڵاو تەشەنەی سەندووە.

بەگوێرەی ئەو دەرئەنجامانەی كە تەندروستی سلێمانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ بەغدای ناردوون، دەركەوتووە كە 10 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی كۆلێرا لە سلێمانی بوونیان هەبووە، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی پێشتر ئەوان لە تاقگەكانی سلێمانی 56 حاڵەتیان تۆمار كردووە.

لەلایەكی دیكەوە و بەگوتەی ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە لەماوەی یەك هەفتەدا هەزار و 384 هاووڵاتی داخڵی نەخۆشخانە كراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان تاكو ئێستا دیار نییە لەو ژمارەیە چەند كەسیان تووشی نەخۆشی كۆلێرا بوون بەوپێیەی پشكنینی نەخۆشییەكەیان بۆ نەكراوە.

نەخۆشی پەتای كۆلێرا جگە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، لە هەولێرو كەركوكیش بڵاو بووەتە، بەگوێرەی زانیارییەكان لە كەركوك هەفتەی رابردوو 5 حالەت تۆمار كراون و لە پارێزگای هەولێریش سەرەتای ئەم هەفتەیە چوار حاڵەتی توش بوون بە نەخۆشییەكە تۆمار كراون. بەگوتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر جگە لەو چوار حاڵەتەی كە تاكو ئێستا تۆمار كراون، پێنج كەسی دیكەش گومانلێكراون و چاوەڕوانی دەرچوونی پشكنینەكانیان دەكەن.

بەپێی زانیاریەكان، تاوەكو ئێستا 8 كەس لە پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە و 3 كەس لەوانە بە هۆی نەخۆشی پەتای كۆلێراوە بووە كە دوانیان لە چاكیازی گەوران بووە و ئەو دیكەشیان لەنەخۆشخانە بووە، 5 كەسەكەی دیكەش كە لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا گیانیان لەدەستداوە ئەگەرچی تاكو ئێستا هۆكاری مردنەكەیان پشتڕاست نەكراوەتەوە، بەڵام سەرجەمیان بەهۆی سكچوون و رشانەوە بووە كە كە گومان دەكرێت ئەوانیش بە هەمان شێوە بەهۆی كۆلێراوە بوو بێت.

راگەیاندنی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلێرا بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەكاتێكدایە كە ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە پەتایەكی توندی سكچوون و رشانەوە لەسەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی بڵاو بووەتەوە و وەكو كۆلێرا مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەكان نەكراوە، بەڵام ئێستا و پاش دەركەوتنی ئەنجامی پشكنینەكانی سكچوون و ڕشانەوە لە بەغدا هەموو تووشبوویەكی سكچوون مامەڵەی كۆلێرای لەگەڵدا دەكرێت.

ئەگەرچی هۆكاری سەرەكی تووشبوون بە نەكۆشی كۆلێرا وەك دكتۆر سەباح باسی دەكات ئاوی پیسە، بەڵام سەرجەم خواردن و خواردنەوەكانی دیكە، بەتایبەتی شەربەت و سەوزە و میوەكان دەبنە هۆكار بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكە، ئەمە جگە لەوەی كە وەرزی گەرما یارمەتیدەرێكی سەرەكییە لە زیاتر تەشەنەسەندنی نەخۆشییەكە. "ئاوی خواردنەوەی پیسبوو بە بەكتریای ڤیبریۆ كۆلێرا، سەهۆڵی درووستكراو لە ئاوی پیسبوو بە بەكتریاكە، خواردنە ناخاوێنەكانی سەر شەقامەكان و ئەو سەوزەیەی بە پاشەڕۆی مرۆڤ ئاودەدرێت هۆكاری سەرەكی بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەكەن".

لەدوای راگەیاندنی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆلێرا، سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك رێكارییان گرتووەتە بەر بۆ خۆپاراستن لە توش بوون بە نەخۆشییەكە، لە هەولێر، پارێزگاری شارەكە بڕیاریدا كە پێشكەشكردنی سەوزە لەخواردنگەكان قەدەغە بكرێت ئەمە جگە لە لابردنی بەڕادی ئاو لەمزگەوت‌و ناو بازاڕ، هاوكات بەكارهێنانی كەرەستەی سەفەری لە چایخانەكان كراوەتە مەرج.

لە پارێزگای سلێمانیش جگە لە داخستنی 9 شەمعەی ئاوی كە لەرێگەیانەوە بە تەنكەر ئاوەكەیان دەفرۆشران بە ماڵان و بۆ خواردنەوە بەكار دەهێنران، هاوكات ئەو كێڵگانەش داخران كە بە ئاوی قورس سەوزەكانیان ئاو دەدرێت.

كۆلێرا جۆرێكە لە بەكتریا كە ناوی (vibro cholera) و لە رێگەی خۆراك یاخود ئاوی ناتەندروستەوە توشی مرۆڤ دەبێت، كۆلێرا پەیوەندییەكی نزیكی هەیە بە خزمەتگوزارییە بنچینەییەكانەوە. زیاتر لە ناوچە پشتگوێخراوەكان بڵاو دەبێتەوە كە ئاو و ئاوەڕۆی رێكوپێكیان نییە.

نیشانەكانی نەخۆشی كۆلێرا بریتین لەوەی كەسی تووشبوو پیساییەكەی لە شێوەی ئاودا دەبێت واتە ڕوون دەبێت و ڕشانەوە و لێدانی دڵی زیاتر دەبێت و پەستانی خوێنیشی دادەبەزێت، هەروەها كەسی تووشبوو لە ئەنجامی لە دەستدانی شلەمەنی و ماددە كانزاییەكان لەشی وشك دەبێتەوە و هەست بە بێهێزی دەكات.

بۆ خۆپارستن لە نەخۆشییەكە وەزارەتی تەندروستی داوا دەكات كە تا دەتوانیت لە ماڵەوە ژەمەكانت بخۆ، لە دەرەوەش خۆراكی سەردانەپۆشراو مەخۆ. پێش نانخواردن و پاش چوونە توالێت، بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی 20 چركە دەستەكانت بشۆ. ئاوی بەلوعە بۆ خواردنەوە بەكارمەهێنە، بەڵكو ئاوی ئامادەكراو و كوڵێندراو بەكاربهێنە. دووربكەوەرەوە لە خواردنی ماسی، ئەو خۆراكانەیشی لە ماڵەوە ئامادەیان دەكەیت باش بیانكوڵێنە و بە گەرمی بیانخۆ. و خۆت لە مەلەوانیكردن لەنێو مەلەوانگە و چەمەكان بپارێزە.

بڵاوبوونەوەی نەحۆشی كۆلێرا لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی نوێتین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان حاڵەتەكانی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا زیادیان كردووە، بەشێوەیەك كە لە ماوەی (٢٤) كاتژمێری رابردوودا (٩٣) حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بۆ ماوەی چەند رۆژێك هیچ حاڵەتێك لە هەرێم تۆمار نەكرابوو.