ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

جەیمس هیپی، وەزیری هێزه چەکدارەکانی بریتانیا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبوەوە و رایگەیاند، بریتانیا لە روبەڕوبونەوەی تیرۆردا بەردەوام دەبێت لە پشتگیری هێزەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جەختیش دەکاتەوە کە داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی عێراق، ناوچه‌كه‌ و جیهانیش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌‌.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی باڵای وەزارەت بەسەرۆکایەتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ئەندامیەتی فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی، لیوا روکن هۆشمەند حیدر  و لیوا روکن نەجمەدین، جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان، سەردانی بریتانیایان کرد و لەلایەن جەیمس هیپی، وەزیری هێزه چەکدارەکان و ماڕشاڵ سامی سمپسن گەورە راوێژکاری بەرگری بریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ستیڤن هیکی بەڕێوەبەری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوە و  ئەفسەرانی باڵای سەربازی ئەو وڵاتە پێشوازیان لێکرا.

ئەوەش هاتوە، لەکۆبونەوەکەدا دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر له‌ عێراق و مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشیان تاوتوێ كرد، تیایدا هاوڕابون، که‌ داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهانیش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه‌‌، بۆیە پشتگیری و هاریكاریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و له‌ناوبردنی پێویسته‌.

لەکۆبونەوەکەدا وه‌زیری  هێزه چەکدارەکانی بریتانیا جه‌ختی له‌ به‌رده‌وامیی به‌شداری و ئه‌ركی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش کردوەتەوە و هه‌مو پشتگیرییه‌كی شانشینی یه‌كگرتوی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و هێزەکانی پێشمەرگه‌ لە روبه‌ڕو بونه‌وه‌ی تیرۆر دوپاتکردوه‌تەوە، هه‌روه‌ها پێزانین و ستایشی بۆ قوربانیه‌كان و ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هه‌رێمی كوردستان له‌ تێكشكاندنی داعشدا ده‌ربڕیوە.

لای خۆیه‌وه‌ وەزیری  پێشمەرگە، سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بریتانیا و پشتگیریكردنی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆردا دوپات كرده‌وه‌، هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بریتانیای به‌رز نرخاند، به‌تایبه‌تیش ئاماژه‌ی به‌بونی ڕاوێژكاران و تیمه‌كانیان و مه‌شق كردن و ڕاهێنانیان به‌ پێشمه‌رگه كرد و رایگەیاند، لەرێگەی راوێژکارانی سەربازی بریتانیا و وڵاتانی تری هاوپەیمانان، پڕۆسەی چاکسازی سەربازی پێشکەوتنی باش و کارای بەخۆوە بینیوە، کە دواجار گەشەسەندن و بەدامەزراوەیی کردنی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی لێکەوتۆتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، شاندی وەزارەت لە بریتانیا بارەگای هێزەکانی  وشکانی، سەنتەری ستراتیژی وەڵامدەرەوەکان و چەند فرقە و یەکەیەکی  سەربازی  بریتانیایان  بەسەرکردوەتەوە و چەندین  لێکتێگەیشتنی گرنگ و پڕبایەخ هاتونەتە ئاراوە، کە دەرئەنجامەکەی لەقازانجی رێکخستنەوەی زیاتری هێزەکان و یەکخستنەوەیانە لەژێر چەتری وەزارەت، ئەوە جگە لە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگه و بەسەردەمی کردنی  سەربازیانەی پێشمەرگه لەداهاتوێکی نزیکدا.