شۆڕش - ڕێگای کوردستان
لهبهرامبهر دەستکاریکردنی كوالیتی بهنزین و بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان، (16) بەنزینخانە لەسنوری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری لەلایەن لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر سزادراون.
دوای لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنی بانزیخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری (16) بەنزینخانەی تر بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنی كوالیتییەکەی سزادران.
هاوکات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی پارێزگاری هەولێر هەروەها تیمەکانی لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان ڕاسپێردراون جگە لەتوندکردنی ڕێکارەکان بەرامبەر سەرپێچی کاران، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان، پشکنینی بەنزینخانەکان چڕتربکەنەوە بەرامبەر ئەو بەنزینخانەی کە دەستکاریکردنی كوالیتیی دەکەن و بەنزینی خراپ بەهاوڵاتییان دەفرۆشن.
لەسەرەتای مانگی (6)ی ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.8.4، کۆی گشتیی ئەو بەنزینخانەی کە سزادراون (188) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا بەنزینخانە بەهۆی دووبارەکردنەوەی سەرپێچی و دەستکاریکردنی كوالیتیی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بەهاوڵاتییان ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە لەلایەن لیژنەی پشکنین و چاودێریەوە.