ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هاوڕێ کرێکار

دوای ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەکدارانی داعش، دوو شوانیان لەسنوری ناحیەی زنانەی سەر بە قەزای کفری ڕفاند، ناڕەزایەتی دانیشتوانی ناوچەکەی لێکەوتەوە و حزبی شیوعیش داوا دەکات بۆ نەمانی ئەو مەترسییە پێویستە پشتگیری یەکبن.

دانیشتوانی گوندەکانی سنوری ناحیەی زنانەی سەر بەقەزای کفری، لەبەرانبەر مەترسی لەسەر ناوچەکەیان سەرەڕای کۆبونەوەی سەردانی لایەنە بەرپرسەکان دەکەن و داوای نەمانی مەترسی لەسەر ناوچەکەیان دەکەن.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەشێک لەدانیشتوانی گوندەکانی سنوری زنانە، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و دواتر ڕاگەیەنراوێکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و لەڕاگەیەنراوەکەدا، داوای بەپەلە ئازادکردنی ئەو دوو شوانەیان کرد کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنراون و پێویستە دەسەڵاتی ئەم ناوچەیە کاری بۆ بکەن.

هەروەها، دەشڵێن پێویستە هێزی پێشمەرگە، مەترسی لەسەر ناوچەکە دووربخەنەوە و خاڵی سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە لەگوندەکان دووربخرێتەوە و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدان کۆنترۆڵ بکرێنەوە و ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا وەڵام نەدرێنەوە ڕێگای دیکە دەگرینە بەر.

دوای چەند ڕۆژێک لەکۆبوونەوەکە، شاندێکی دانیشتوانی ناحیەی زنانە و بە بەشداری هاوڕێ ئەحمەد مەجید ئەندامی سەرکردایەتی حزبی شیوعی و هاوڕێ هێمن نوری بەرپرسی کۆمیتەی خورماتووی حزبی شیوعی سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیان کرد و کۆبوونەوە.

لەکۆبونەوەکەدا، یاداشتی دانیشتوانی ناحیەی زنانەیان داوەتە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بۆ ئەوەی خەمیان بخوات و کێشەکانیان بگەیەنێتە لایەنی پەیوندیدار و لەبەرانبەردا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەم شێوەیە وەڵامی شاندەکەی داوەتەوە: ناوچەی داوێ، کە پێکهاتەی ناحیەی زنانەیە، ناوچەیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە و لە رابردوودا لە پرۆسەی ئەنفال و شۆڕشدا قوربانی گەورەیان داوە. ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان پاڵپشتی تەواوی داواکارییەکانتان دەکەین.

گوتیشی، کاری پێویست و جدی لەسەر یاداشتەکەتان دەکەین و ئاڕاستەی سەرووی خۆمانی دەکەین و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو رێگەیەک دەگرینەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەمنی لەو ناوچەیە.

هاوڕێ ئەحمەد مەجید ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی کوردستان، لەکۆبونەوەکەی ناحیەی زنانە، وتی : داوا له خەڵکی ناوچەکە دەکەین، یەگرتوبن و پاڵپشتی یەک بن لەو مەترسییەی ڕووی لەناوچەکە کردووە و پێویستە بەدواداچوون بکەن و دامودەزگا و بەرپرسەکان ئاگاداربکەنەوە لەوەی ئەوەی چەند ساڵە لەناوچەکە ڕوودەدا مەترسییەکی گەورەیە و کەمتر نییە لە تاوانی ئەنفال.

گوتیشی: ئێمە وەک حیزبی شیوعی پشتگیری تەواوی داواکانتانین و بۆ هەرجێگایەک پێویست بێت، ئێمە لەپێشتانەوەین تەنیا لەبەر ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییەی لەسەر ئەو ناوچە و دانیشتوانەکەی هەیە.

هێمن نوری بەرپرسی کۆمیتەی خورماتووی حیزبی شیوعی کوردستان بۆ ڕێگای کوردستان، گوتی: ئێمە وەک حیزبی شیوعی بەهەموو شێوەیەک پشتگیری و پشتیوانی خەڵکی ناحیەی زنانە و ناوچەی داوێ دەکەین بۆ ڕەوانەوەی ئەو مەترسیەی لەسەر ناوچەکە هەیە، چونکە ئێمەش دەزانین بەو دۆخەی ئێستا هەیە لەزنانە جێگای مەترسییە و پێویسته حکوومەتی هەرێم هەوڵی جدی بۆ نەمانی ئەو مەترسییە بدات.

May be an image of 8 people, people standing and outdoors