ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان  راگەیاند،  هەریەك لە شڤان سەعید و ئەیاز کەرەم و هاریوان عیسا، ئازادكران بە كەسوكاریان شادبوونەوە

رۆژی 16ی5ی 2020 لە شاری دهۆک، بە پاساوی نەبونی مۆڵەتی خۆپیشاندان 100 خۆپیشاندەر دەستگیر کران کە دژی نەبونی موچەی مامۆستایانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و رۆژی دواتر لەو ژمارەیە زۆرینەیان ئازادکران و تەنها 15 رۆژنامەنوس و چالاکوان لە زیندان مانەوە، کە دواتر بە "دەستگیرکراوانی بادینان" ناسێنران و ئەوکات دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم هۆکاری دەستگیر کردنەکەی بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا گەڕاندەوە.

سەرباری لێدوانی دیندار زێباری و فشارە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان ئازادکردنی ئەم کەسانە دواخرا و ساڵی 2021 سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد دواتر لەژێر فشاردا بڕیارەکە تەمیزکرایەوە و دواتر لێخۆشبونی 60% بۆ سەرجەمیان دەرچو.

لە ئێستادا هەریەکە لە (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، قارەمان شوکری) لە زینداندا ماون و هەر دوێنێ بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان رایگەیاند؛ لەگەڵ ئەوەی بڕیاربو ئەمڕۆ 16ی3ی2023 ئازاد بکرێت، رۆژنامەنوس گوهدار زێباری بۆ ماوەی حەوت مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا و بڕیاریشە شیروان شیروانی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ ئازاد بکرێت.