بەشداری خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان لەسەرژمێریدا، پەیامێك بوو كە یەكڕێزی گەلەكەمان لە هەموو پیلانێكی دوژمنكارانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەمانپاریزێت

 

سەروتاری رێگای كوردستان

بەشداریكردن و گەڕانەوەی خەڵكی راگوازراوی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان لەپرۆسەی سەرژمێریدا، وەڵامدانەوە بوو بەسیاسەتی بەعەرەبكردن وگۆڕینی دیموگرافیای پاریزگای كەركوك و خانەقین و خورماتوو، و هەموو ئەو ناوچانەی بەدریژایی 30 ساڵ حكومەتی دیكتاتۆری بەعس  هەوڵی گوڕینی داوە و خەڵكە رەسەنەكەی دەركردووە، خەڵكی لە خواروو، و ناوەڕاستی عیراقەوە هێناوە و  تێیدا نیشتەجێیكردوون.

 ئامانج لەبەشداریكردن و گەڕانەوەی خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە، هەستكردن بوو بە بەرپرسارێتی و گیانی نیشتمانپەروەری، بۆیە بەپەرۆشەوەبوون بۆ بەشداریكردن لەسەرژمێری لە زێدی بابوباپیرانیان، بەئامانجی پووچەڵكردنەوەی سیاسەتی شێواندنی دیموگرافیای شوێنە ڕەسەنەكانی خۆیان. بەبێ  پاڵپشتی و یارمەتی دارایی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و لەسەر ئەرك و ماندوبوونی خۆیان، ماڵ و منداڵیان خستە زەحمەتی و هیلاكییەكی زۆرەوە، بەشێوەیەك كە بەشێكیان لەژێر خێمەدا ئەو چەند رۆژەیان  بەرێكرد. ئەو دیمەنە نیشتمانییە ئەوەمان پێدەڵێت ڕۆڵەكانی گەلی كوردمان هێشتا گیانی بەرگری و داكۆكیكردنیان لەدەستنەداوە، ئامادەی پاراستنی خاك و نیشتمان زمان و كلتووری نەتەوەكەیانن . 

  ئەم بەشداریكردنە كەرنەڤاڵێكی نیشتمانی كوردستانی بوو، پەیامێك بوو بۆ حزبە كوردستانییەكان كە یەكڕێزی گەلەكەمان لە هەموو پیلانێكی دوژمنكارانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەمانپاریزێت، وەڵامێكیش بوو بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت كلتوور و فەرهەنگ و زمانی نەتەوەییان داگیربكەن.

ئەم هەڵوێستەی هاووڵاتییان، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی گەورە، چۆن ئەو روحە نیشتمانییە نەتەوەییە بپارێزین و بەزیندوویی بیهێڵینەوە، پەرلەمانی داهاتووی كوردستان، سوورتر و بەهێزێكی یەكگرتووی هەموو لایەنەكان داكۆكی لەگەڕانەوەی ناوچەكە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان بكات، هەروەها پەیامێكیش بوو بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمایەتی، كە كەركوك  و ناوچە دابڕێنراوەكان خەڵكی رەسەنی خۆیان هەیە، دەستبەرداری ئەو ناوچانە نابن و داكۆكی لێدەكەن.

هەندێك پەیجی فەرمی حزبە دەسەڵاتدارەكان لەهەرێمی كوردستان سەرژمێری بەمەترسی سەیردەكەن، بەگومانەوە لێی دەڕوانن كە سەرژمێری لەو ناوچانە بەئاراستەی گۆڕینی دیموگرافی بێت، ئێمە پێمانوایە ئەم سەرژمێرییە پێچەوانەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بوو  لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی دەستوور نابێت هیچ سەرژمێرییەك ئەنجام بدرێت تاكو بارودۆخی كەركوك و ئەو ناوچانە ئاسایی نەكرێتەوە.

هەر لەسەرەتاوە ئێمە هەڵوێستمان بەفەرمی راگەیاند لە مەترسییەكانی سەرژمێری لەكوردستان و كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، لەرۆژنامەی فەرمی بڵاومانكردەوە و پەیامی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە مەترسییەكانما ن خستۆتە بەردەستیان. 

بەشداری خەڵكی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان جارێكی تر ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كە خەڵكی كوردستان دەتوانێ لەبەرانبەر هەر سیاسەتێكی ناڕاست بەئامانجی گۆڕینی دیموگرافیای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان رووبەڕووببنەوە. 

سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ئەو خەڵكە تێكۆشەرە دەنێرین كە بوونە قەڵغانی پاراستنی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان و پووچەڵكردنەوەی نیازی خراپی پشت سەرژمێری .

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە