جوتیارانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان زەوییەكانیان داگیر دەكرێت و لە هەرێمیش كۆی بەرهەمەكەیان لێ وەرناگیرێت

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی گەنم لە عێراق ئامادەكارییەكانی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەستپێكردووە، چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمی ئەم وەرزەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك لەسەر سێی كۆی بەرهەمی عێراق پێكبهێنێت، بەڵام لە ناوچە دابڕێنراوەكان زەوییەكانیان داگیر دەكرێت و لە هەرێمی كوردستانیش كۆی بەرهەمەكانیان لێ وەر ناگیرێت.

 رێگای كوردستان 

ساڵانە جوتیارانی كورد لە هەرێمی كوردستان بەهۆی وەرنەگرتنی تەواوی بەروبوومەكانیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە و هاوكات جوتیارنی ناوچە دابڕێنراوەكان بەهۆی دەستگرتن بەسەر زەوی و زارەكانیان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە رووبەڕووی گرفت دەكرێنەوە.

دیاریكردنی بڕی گەنمی وەرگیراو بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان كە زۆر كەمترە لەو بڕەی بەرهەمی دەهێنن، وای لە جوتیاران كردووە كە بەرهەمەكەیان بەنرخی كەمتر بفرۆشن كە ئەمەش زیانێكی زۆری پێگەیاندوون و هاوكات بووەتە هۆكارێكیش كە نەتوانن تەواوی زەوییەكانیان بچێنن. 

دیاریكردنی بڕی گەنمی وەرگریراو بۆ جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەكاتێكدایە كە ئەم بڕیارە ناوچەكانی ناوەڕاست و خواری عێراق ناگرێتەوە، ئەمەش وای كردووە كە جوتیاران بڕیارەكە بە سیاسی ناو ببەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەماوەی ساڵانی رابردوودا نەیتوانیوە فشار بكات بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە.

جگە لە گرفتی دیاریكردنی بڕی گەنجی وەرگیراو بۆ جوتیارنی هەرێمی كوردستان، هاوكات جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەردەوام كێشەی وەرگرتنی پارەكەیان لەكاتی خۆیدا هەبووە، ئەمە لەكاتێكدا لە عێراق جوتیاران راستەوخۆ لەدوای پێدانی گەنمەكە بە لایەنی پەیوەندیدار پارەكە وەردەگرن.

ئەمساڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و هاوكات لایەنە پەیوەندیدارەكان بەو پرسە لە هەردوولا، چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و ئێستاش شاندێك بۆ رێككەوتنی كۆتایی لە بەغدایە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە بەغدا دوو كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، "لە كۆبوونەوەی یەكەمدا وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و بەغدا دەبێت و كۆبوونەوەی دووەمیش كۆبوونەوەی 57تە كە تێیدا سەرجەم وەزارەتەكان لەبارەی كۆتا بڕیار لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم گفتوگۆ دەكەین". وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە ئامانجیان وەرگرتنی كۆی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی كردستانە بەبێ دیاریكردنی بڕەكەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە. "بەهیچ شێوەیەك رێژە پەسەند ناكەین و پێویستە پێویستە هەمان ئەو مامەڵەیە لەگەڵ جوتیارانی هەرێم بكرێت كە لەگەڵ جوتیارانی عێراق دەكرێت".

بەگوێرەی زانیارییەكان كۆمپانیای بەبازاڕكردنی گەنم لە عێراق ئامادەكارییەكانی بۆ وەرگرتنی حەوت ملیۆن تۆن گەنمی جووتیارانی عێراق كردووە و پێشبینیش دەكرێت  بەرهەمی ئەم وەرزەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان نزیكە لە دوو ملیۆن تۆن بێت.

جیا لەو كێشانەی كە ساڵانە رووبەڕووی جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەكرێنەوە، هاوكات جوتیارانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەتی لە ناوچەكانی سەر بە پارێزگای كەركوك رووبەڕووی داگیركردنی زەوییەكانیان و رێگریكردن لە دروێنەكردنی بەروبومەكانیان دەبنەوە. ئەم رێگریكردنە كە بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە و بە هاوكاری سوپای عێراق ئەنجام دەدرێت، لەلایەن كوردەوە وەك بەردەوامیدان بە پرۆسەی تەعریبكردن وێنا دەكرێت.

ئەم هێرشەی كە دەكرێتە سەر جوتیارانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان بە دوو شێوەیە، یەكێكیان راستەخۆ لەلایەن سوپای عێراقەوەیە كە هەوڵ دەدات دەست بەسەر زەوی و زارەكانیاندا بگیرێت و رێگری دەكرێت لە چاندنیان، هێرشی دووەمیش لەلایەن عەرەبی هاوردەوە ئەنجام دەدرێت كە زۆرجار دوای چاندن و لەكاتی دروێنەكردندا رێگریان لێ دەكرێت بەرهەماكانیان بدورنەوە.

 لەسەرتای دەستكردن بە دروێنەكردنی گەنمی ئەمساڵیان، جوتیارانی كورد لە پەلكانە رووبەڕووی هێرشی عەرەبی هاوردە بوونەوە و هەوڵیانداوە كە گوندەكەیان پێ چۆڵ بكەن و دەست بەسەر زەوی زارەكەیاندا بگرن.

دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا باس لەوە دەكات كە عەرەبی هاوردە بەناڕەواو دوور لە هەموو بنەمایەكی ئاشتیانەو پێكەوە ژیان هاتوونەتە گوندی پەڵكانەو خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی كورد نادات. باس لەوەشكراوە كە  ئەم رێگرییە لە جوتیارانی كورد لەكاتێكدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی كەركوك جوتیارانی كورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێكردوە. 

عەرەبە هاوردەكان باس لەوە دەكەن كە ئەو گوندانەی كە ئێستا جوتیارانی كوردی تێدا نیشتەجێن، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بەدەست ئەوانەوە بووە و تاپۆیان بۆ درەهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە جوتیارنی كورد جەخت دەكەنەوە زەوییەكانیان موڵكی باو باپیرانییانە و ئەو بڕیارانەشی كە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دراون لەگەڵ دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێ هەڵوەشێنراونەتەوە. دەشڵێن ئەوەی پێشتر كراوە تەعریب بووە و ئەوەی ئێستاش بەرانبەریان دەكرێت درێژەدانە بە تەعریب، بەڵام لەلایەن حكومەتی نوێوە.

شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە لەوە دەكات كە جوتیارانی كورد لەئێستاوە دەتوانن بەرهەماكانیان بدورنەوە. هێما بۆ ئەوەش دەكات كە لەرۆژی چوارشەممەی رابردوەوە فەرمان بە ئۆپەراسیونەكانی كەركوك كراوە رێگرییەكان هەڵگرن و جوتیاران دورینەوەی بەرهەماكانیان دەستپێبكەن، بەڵام ئەم فەرمانەیان پێنەگیشتووە بۆیە سەرەتای ئەم هەفتەیە جارێكی دیكە نوسراوەكە لەرێگای بەغداوە گەیاندمانە كەركوك و فەرماندەی ئۆپەراسیونەكانی كەركوك نوسراوەكەیان وەرگرت. "لە ئەمڕۆوە دەست بەهەڵگرتنی خێمەكان دەكەن و جوتیارەكان دەست بەدورینەوەی بەرهەمەكانیان دەكەن".

ئەگەرچی واپێدەچێت كێشەی جوتیارانی كورد لەپەلكانە بۆ ئەمساڵ چارەسەر كرابێت، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەم كێشەیە ساڵانە گرفتێكی گەورەی بۆ جوتیاران و گوندنشینانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان درست كردووە و لەماوەی ساڵانی رابردووشدا لەگەڵ داگیركردنی زەویەكانیان و رێگریكردن لە دروێنەی بەرهەمەكانیان سەدان دۆنم لە زەوی جوتیارانی كورد سوتێنراوە. 

جوتیارانی كورد لە ناوچە دابڕێنراوەكان چاوەڕنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعسن كە وەك جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی دەكات پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی بەعس لەپەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و بڕیاریشە لەماوەیەكی نزیكدا خوێندنەوەی دوەمی  بۆ بكرێت كە پێدەچێت لەم رێگەیەوە بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بكرێن. هاوكات جوتیارانی كورد لە هەرێمی كوردستان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی تەواوی گەنمی ساڵانەیاندان هاوشێوەی ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە