كەشناسی: لەمڕۆوە شەپۆلێكی بفرو باران روو لە هەرێم دەكات و پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن.
ئەمشەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ دوو ڕۆژی داهاتوو ڕایگەیاند و دەڵێت" لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و تێكەڵبوونی بارستە هەواییەكی سارد بە كەشی ناوچەكەمان لە رۆژی دووشەممەوە ١٤ی نیسان ئاسمانی هەرێم هەور و نیمچە هەور دەبێت".
کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، بارانبارین بەشێوەی نمە باران و بارانی مامناوەند لە ناوچەی جیا جیا دەبارێت، كاریگەری ئەم شەیۆلە لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە زیاد دەبێت و ئاستی دابارین مامناوەند و هەندێ كات لێزمە باران و هەورە تریشقەش دەبێت.
هەر بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لەگەڵ زیادبوونی كاریگەری نزمە پاڵە پەستۆی دەریا سوور لە رۆژی سێشەممە كاریگەری شەپۆلی بارانبارین فراوان و زیاتر دەبێت و لە سەرجەم ناوچەكان بارانبارین دەبێت.
کەشناسی هەرێم ڕوونیشیکردەوە، لە درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتای دێت، لە ماوەی كاریگەری ئەم شەپۆلە پێشبینی زیاد بوونی خێرای باو بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ كە هەندێ كات لەگەڵ باران تێكەڵ دەبێت وە ئەگەری بارینی بەفرێكی كەم لەسەر لوتكەی ناوچە شاخاوییە سنوورییەكان هەیە.