حكومەت هەموو ڕێگایەكی گرتوتەبەر بۆ سەپاندنی باج و رسوومات

هاوڕێ كرێكار/  رێگای كورستان 

لەماوەی 3 مانگی رابردوودا 3 كرێكار لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە و سەندیكای بیناسازی و كرێكاران و تایبەتمەندیی كرێكارانی حزبی شیوعی كوردستانیش دۆخی كرێكاران بە مەترسیدار ناودەبات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە مەرجەكانی سەلامەتی كار وەك پێویست بۆ كرێكاران دابین ناكرێن. هەر بەپێی ئامارێك ساڵی ڕابردوو 62 كرێكار گیانیان لەدەستداوە و 25 كرێكاریش بریندار بوون.

بەگوێرەی ئامارێك كە دەست رێگای كوردستان كەوتووە لە ساڵی 2025دا لە شاری سلێمانی 2 كرێكار و لە گەرمیان كرێكارێك گیانی لەدەستداوە، یەكێك لەو كرێكارانەی لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە لە پرۆژەی مایۆركا سیتی بووە كە لەم پڕۆژەیەدا چەندین رووداوی هاوشێوە لەماوەی ساڵانی رابردوودا دووبارە بوونەتەوە، كرێكاری دووەم كە لەو سنوورە گیانی لەدەستداوە لە كارگەی چبس بووە.

عوسمان زیندانی سەرۆكی سەندیكای كرێكاران و بیناسازی سلێمانی هۆكاری گیانلەدەستدانی كرێكاران بۆ ڕەوش و ژینگەی كار لە كارگە و پرۆژە پیشەسازی و بیناسازییەكاندا دەگەڕێنێتەوە، "خاوەن كارەكان وەك پێویست هاوكار نین لەگەڵ كرێكاراندا و ئەو پێداویستییانەی بۆ سەلامەتی كار پێویستن دابینی ناكەن". زیندانی باس لەوەش دەكات كە پڕۆژەكان ئەندازیار و كارمەندی تایبەتیان نییە بۆ بەشی پارێزگاری لە كرێكاران و حكومەتیش لێپێچینەوەی پێویست لە خاوەن كارەكان ناكات. گوتیشی: هەندێك لەو بنەماڵانەی كە كوڕەكانیان لە كاتی كاركردندان گیانلەدەستدەدەن سكاڵا تۆمار ناكەن، ئەمانەش هەمووی هۆكارە بۆ ئەوەی ڕەوشی كار بەرەو خراتر بڕوات . 

سەرۆكی سەندیكای كرێكاران و بیناسازی سلێمانی باس لەیەكێك لە كێشە بنەڕەتییەكانی دیكەی كرێكارن دەكات، كە ئەویش نەدانی مووچە و دەركردنی كریكارانە بەبێ گەڕانەوە بۆ یاساكان، "لەماوەی دوو مانگدا 18 كەیسی لەم شێوەیەمان هەیە كە بەزۆری كرێكارانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوان. وتیشی: ئێمە بەدەم داواكارییەكانیانەوە چووین و مافەكانیان گەڕێنراوەتەوە، بەداخەوە بەشێك لە خاوەنكارەكان بەدەممانەوە نایەن، بەڵام ئێمە لە ڕێگەی دادگاوە سكاڵامان تۆماركردووە .

هەر لەسەر رەوشی كرێكاران عەدنان بەرزنجی، سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، هۆكاری گیانلەدەستدانی كرێكاران بەشێوەیەكی گشتی بۆ نەبوونی كەرەستەی سەلامەتی دەگەڕێنێـتەوە، "ئێمە زۆرجار لیژنەكانمان دەردەچن بۆ شوێنی كار و ناوەندی كاركردن، دەبینن كرێكاران وەك پێویست جل و بەرگی سەلامەتیان نەپۆشیوە و كەرەستەی سەلامەتیان پێنییە". ئەمە لەكاتێكدایە وەك سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان باسی دەكات لیژنەكانیان هۆشیاری پاراستنی سەلامەتی گیانیان بەكرێكاران داوە، بەڵام "بەداخەوە كرێكاران وەك پێویست بەكاریناهێنن و بێباكی و خەمساردی خاوەن كارەكان و كارگەكانیش بەشێكە لە هۆكارەكان".  بەرزنجی چەند نموونەیەكی گیانلەدەستدان دەگێڕێتەوە، كە بەهۆی نەبوونی كەرەستەی سەلامەتییەوە لەماوەی رابردوودا روویانداوە، لەوانە لەناوچەی پیشەسازیدا كە كاری لەحیمكاری دەكەن، یاخود ئەو كرێكارانەی كە لەبواری بیناسازیدا كار دەكەن.

لەلایەكی دیكەوە هیوا عومەر، بەرپرسی تایبەتمەندیی كریكارانی حزبی شیوعی كوردستان، باس لەوە دەكات كە بەپێی ئەو چاودێری و بەدواداچوونەی ئەوان كردوویانە، ژینگەی كاركردن تا دێت خراپتر دەبێت، "بەشێك لە هۆكارەكانیش هەڵكشانی ڕێژەی بێكارییە لەناو لاواندا كە ژمارەیان نزیكەی 500 هەزار كەس دەبێت و بەزۆری دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانن". بەرپرسی تایبەتمەندی كریكارانی حزبی شیوعی كوردستان، روونیدەكاتەوە كە خراپبوونی ژینگەی كاركردن بریتییە لە نەمانی كاری هەمیشەیی، واتا زۆربەی كاركردن بووەتە گرێبەستی كاتی، ئەم گرێبەستە كاتییانە زۆرینەی لە درەوەی بیمە كۆمەڵایەتییەكانە و نازانرێ كرێكار ئەمڕۆ ئیش دەكات تا سەری مانگ بەردەوامدەبێت یان  لەدەستیدەدات و ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر دەروونی كرێكاران دروستكردووە .

هیوا عومر هاوڕایە لەگەڵ سەرۆكی سەندیكای كرێكاران و بیناسازی سلێمانی و سەرۆكی لقی گەرمیانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان بەوەی كە بەشیكی زۆر لە هۆكارەكانی گیانلەدەستدانی كرێكاران بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی سەلامەتیەوەیە، " هۆكارەكان بریتین لە جێبەجێینەكردنی یاساكانی پێویست، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی بە خانەنشیبوون و دەستبەری كۆمەڵایەتی و یاسای كار و ئەو ڕێنماییانە هەیە، ئەوەی پێیدەوترێت بەرپرسیارێتی وەزارەتی كارە كە ژینگەیەكی لەبار بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایانە دەستبەربكات .گوتیشی: یەكێك لە میكانزمی كاركردن ئێمە لە شارەكان یەك دوو لیژنەی پشكنینمان هەیە، لەهەمان كاتدا هەزاران شوێنی كارمان هەیە، شوێنی وا هەیە ئەو لیژنەیە بە ساڵ سەردانی ئەو شوێنانەی نەكردووە، ئەگەر سەردانیشیان بكات ناتوانێت وەك پێویست چاودێری جێبەجێكردنی یاساكان بكات، حكومەت هەموو ڕێگایەكی گرتووەتەبەر بۆ وەرگرتنی سەپاندنی ئەو یاسایانەی كە پەیوەندییان بە باج و رسووماتەوە هەیە بۆ ئەوەی لەخەڵكی وەربگیرێت، بەڵام ئەو یاسایانەی بۆ پاراستنی خەڵكە، هیچ ڕێگایەكی نەگرتووەتە بەر بۆ پاراستنی كرێكاران.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە