وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، ئەمشەو لە ڕاگەیەنداوێكدا بڵاویكردەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەدیوانی وەزارەت بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی لەوەزارەتی دارایی و ئابوری و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد لەسەر دواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارەی 9ـی خانەنشینی یەکگرتوی عێراق لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ـی خانەنشینی یەکگرتوی عێراق.
بەگوێرەی ڕاگەندراوكە، وەزیری دارایی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر هەمو ئاستەکان ئامادە بکەن بە مەبەستی پەسەندکردنی و دواتر گشتاندنی پێبكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم .
ئەوەشیخستەڕو، لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ زو تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان كردە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنشینی ڕاسپارد، هەمو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تابتوانرێت لە زوترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەی خانەنشینان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی موچە بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، تا ئێستا دۆسیەی زیاتر لە حەوت هەزار و 500 خانەنشین تەواو بوە کە لەسەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بونیان دەرچو بو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە شەش هەزار خانەنشین موچەیان بۆ بەستراوەتەوە.