رێگای كوردستان
بەرزكردنەوەی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە 6 دۆلارەوە بۆ 15 دۆلار و ئامادەیی كۆمپانیاكانی نەوتی لە هەرێم بۆ گۆڕانكاری لە گرێبەستەكاندا گفتوگۆكانی هەولێر و بەغدا دەباتە قۆناغێكی نوێوە و بە گوتەی وەزیری سامانە سروشتییەكانیش چاوەڕێ دەكرێت بەم نزبكانە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.
بەمەبەستی درێژەدان بە كۆبوونەوەكانی نێوانیان لەبارەی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر داواكاری وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی بەغدایان كرد.
لەم كۆبوونەوەیەی دوایی شاندی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەشدارییان تێدا كرد وەك هەنگاوێكی گرنگ بەئاڕاستەی بەرەوپێشچون لەسەر پرۆسەی دوبارە هەناردەكردنەوەی نەوت ناو دەبرێت. پێشتر و رۆژی 8ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووش كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم بەشدارییان لە گفتوگۆیەك لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق كرد كە لە دوبەی بەڕێوە چوو.
بەگوێرەی زانیارییەكان لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا تێچووی كۆمپانیا نەوتییەكان و خەرجییەكانیان كە بەشێكی گەورەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بووە لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە تاوتوێ كراون و چەند میكانیزمێكیش بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە باس كراون.
كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت باس لەوە دەكات كە وەزارەتی نەوتی عێراق لەوباوەڕەدایە كە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان زۆرەو هۆكارەكەشی بۆ بوونی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەگەڕێنێننەوە. "بەڕێوەبردنی كەرتی نەوت لە عێراق و هەرێمی كوردستان جیاوازییان هەیە، لە عێراق كەرتی گشتییە و لە هەرێم كەرتی تایبەتە". وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆچونی وایە كە بڕی ئەو پارەیەی بۆ كەرتی گشتی لە عێراق حەرج دەكرێت كەمتر نییە لەو بڕە پارەیەی لە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت خەرج دەكرێَت، بەلەبەرچاوگرتنی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی بیرە نەوتەكان.
ناكۆكی خەرجی دەرهێنانی نەوت كە ماوەی زیاتر لە سالێكە لەنێوان هەولێر و بەغدا بوونی هەیە، لەدوای پەسەندكردنی بودجەوە كە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە نزیكەی 6 دۆلارەوە بەرزكراوەتەوە بۆ نزیكەی 15 دۆلار، پێدەچێت هەنگاوەكانی پڕۆسەی دوبارە هەناردەكردنەوەوی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاتر ببن و وەك بەشێك لە پەرلەمانتاران باسی دەكەن ئەمە وادەكات لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكرێت.
سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەێنێت بەگوێرەی خشتەی بودجەی پەسەندگراون دوو ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بۆ دەرهێنانی نەوت تەرخانكراوە و ئەمەش بە هەنگاوێكی باش بە ئاڕاستەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ناو دەبات."پێشتر عێراق بۆ تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت 6 دۆلاری دیاریكردبوو، لەبەرانبەردا كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان داوای ٢٢ دۆلاریان دەكرد، ئێستا لە بودجەی پەسەندكراودا كراوەتە ١٤ بۆ ١٥ دۆلار، كە رێژەیەكی باشە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت".
ئەگەرچی جیاوازی تێچووی دەرهێنانی نەوت لەنێوان ئەو بڕەی كە حكومەتی عێراق لە بودجەدا دیاری كردووە لەگەڵ ئەو بڕەی كە كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان داوایان كردووە هێشتا 7 دۆلارە، بەڵام راگەیەندراوێكی پێشتری ئەپیكۆر نیشانی دەدات كە كۆمپانیاكان ئامادەن گۆڕانكاری لە نرخی دەرهێنان بكەن.
كۆتایی هەفتەی رابردوو وەك وەڵامدانەوەیەكی بۆ قسەیەكی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كەرایگەیاندبوو "كۆمپانیا نەوتییە جیهانییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئامادەنین گرێبەستەكانیان هەمواربكەنەوە"، كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە "ئەپیكور" ناسراوەو كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرێت رایگەیاند كە كۆمپانیاكان ئامادەن گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانكاری لە گرێبەستەكانیان بكەن.
چاودێرانی بواری نەوت بۆچوونیانوایە كە بەرزكردنەوەی نرخی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە نزیكەی 6 دۆلارەوە بۆ 15 دۆلار، هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بە ئاڕاستەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی دەرهێنان و هەانردەكردنی نەوتی هەرێم، بەتایبەتی كە كۆی رێككەوتنەكانی هەولێر و بەغدا پەیوەند كراون بەم پرسەوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن لەماوەی ساڵی رابردوودا و لەدوای راگرتنی هاناردەكردنی نەوتەوە، كۆی ئەو رێككەوتنانەی لەنێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی موچە و داراییەوە كراون بە رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی عێراق، بۆیە ئەگەر هەولێر هەبێت بە ئاڕاستەی چارەسەكردنی كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوا پێویستە هەنگاوی سەرەتا ئاساییكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بێت.
هاوكات لەگەڵ رێككەوتنی دارایی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی لەبارەی موچەو دارایی، دانوستان لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەستی پێكردەوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەبێ رادەستكردنی نەوت و داهاتەكەی، بەغداد پشكی هەرێم نانێرێت، چونكە بەپێی یاسای بوجەی گشتیی، هەرێم بۆ ئەوەی پشكی خۆی وەربگرێت دەبێت داهاتی نەوتیی و نانەوتیی رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات. دوو بەربەست لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە، یەكێكیان نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتە، كە دەبێت كۆمپانیا بیانییەكان قایل بكرێن، ئەوی تر پرسی رادەستكردنی گرێبەستەكانی نەوتە، كە هەم حكومەتی هەرێم و هەمیش كۆمپانیا بیانییەكان رەزامەندی لەسەر بدەن، بەبێ چارەسەركردنی ئەم دوو كێشەیە، هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێناكاتەوە، گرنگترین ئاڵنگارییەكانی بەردەم كەرتی نەوتی هەرێم لەم راپۆرتەدا.
رۆژی 23ی ئاداری ساڵی رابردوو دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری نایاسایی بوونی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی دەركرد. دوو رۆژ دواتر و رۆژی 25ی ئازار، دوای بڕیارەكەی دادگای پاریس ئەنقەرە پابەندبوونی بە بڕیارەكەوە دەربڕی و هەرنادەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە راگیرا.
ئەگەرچی لەماوەیەكی زۆر كورتدا و پاش چوار رۆژ لە بڕیارەكەی دادگا، رێككەوتنێكی چەند خاڵی لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت كرا و بەرپرسانی سیاسی هەردولاش جەختیان لە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت دەكرد، بەڵام دوای ساڵێك و زیاتر لە دوو مانگ هێشتا نەوت هەناردە نەكراوەتەوە.
بەگوێرەی رێككەوتناكانی پێشتر لەانویاندا یاسای بودجە، لە ئەگەری دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە پێویستە هەولێر نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق بكات بۆ فرۆشتن و داهاتی نەوتەكەش بەشێوەی راستەوخۆ بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.