سەروتاری رێگای كوردستان
دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتییان یەكێكە لە ئەركەكانی حكومەت. ئەم ئەركە لە سەرجەم وڵاتانەدا مۆرك و سروشتێكی گشتی وەرگرتووە، تا ئەو ڕادەیەی لە پرنسیپە گشتییەكانی دەستووری دەوڵەتاندا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە دابینكردن و پاراستنی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە تەندروستی و خوێندن و پاراستنی ئاسایش و موڵكداری گشتی كۆمەڵكا و خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و، كۆمەڵێك بابەتی دیكە هەیە، كە لەو ماددە دەستوورییانەدا هاتووە، ئەركی دەوڵەتە و پێویستە حكومەت بەرپرسیاری خۆی لە دابینكردنی ببینێت.
دابینكردنی خزمەتگوزاری كارەبا بۆ هاووڵاتی یەكێك لەو ئەركە سەرەكییانەیە، كە چەندین ساڵە خەڵكی كوردستان دووچاری كێشەی نەبوونی كارەبا دەبێتەوە. دابینكردنی كارەبا جگە لەوەی بابەتێكی ژیانییە بۆ هاووڵاتی، بابەتێكە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەنگاوە سەرەكییەكانی گەشەپێدانی ئابووری و پاراستنی ژینگەوە هەیە.
لەم ماوەیدا ڕاگەیاندنی پرۆژەی دابینكردنی بیستوچوار كاتژمێر كارەبا بۆ خەڵك، كە لە هەندێ گەڕەك لە هەولێر و دهۆك و سلەیمانی دەستیپێكردووە و، بڕیارە تا كۆتایی 2026 بەتەواوی ئەنجامبدرێت، بێگومان جێگای دڵخۆشی خەڵكە و تەنانەت لە مێژەوە داواكارییەكی ڕاستەخۆی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئەم هەنگاوە گرنگە مەترسی و دڵەڕاوكێی لە نێو خەڵكیدا دروستكردووە و، ئەو مەترسییەش پەیوەندیی بە نرخی بەكارهێنانی وزەی كارەبای 24 كاتژمێرییە، كە تا ئێستا بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسە حكومییەكان یەكلانەكراوەتەوە، بەڵام بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان باس لە بەرزبوونەوەی ئەو نرخە دەكەن.
پرۆژەی بیستوچوار كاتژمێر كارەبا بۆ هاووڵاتییان و بۆ پرۆسەی گەشەپێدان و بۆ پاراستنی تەندروستی و ژینگە گرنگە، بەڵام ئەوەی بەپلەی یەكەم ئەم پرۆژەیە سەردەخات، دانانی نرخی بەكارهێنانی وزەی كارەبایە بەجۆرێك لەگەڵ ئاستی بژێوی و داهاتی هاووڵاتی بگونجێت و، ناكرێ ئەم بابەتە گرنگە لەلایەن حكومەتەوە بەئاراستەی عەقلیەتی قازانجی زیاد و میكانیزمەكانی بازاڕەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و، ببێتە بەشێكی دیكەی هەنگاوەكانی بەتایبەتكردنی ڕەهای سەرجەم چالاكییە ئابوورییەكان كە لە كۆتاییدا دەبنە قورسایی لەسەر ئەستۆی خەڵك.