رێگای كوردستان

ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامیان هەیە، لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا هەردوو هێزەكە هەوڵە دبلۆماسییەكانیان لەسەر ئاستی هەرێمی و دەرەوە دژ بە یەكتر چڕكردووەتەوە و چاودێرانی سیاسیش جەخت دەكەنەوە كە بەردەوامی ناكۆكییەكان هەرێمی كوردستان دووچاری شكستی زیاتر دەكەن و شەرعییەتی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانیش زیاتر دەخنە ژێر پرسیارەوە.

كۆتایی هەفتەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند كە ئەوان لە كارەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەوشێوەیەی كە پێیان راسپێردراوە بەردوامن.

بەگوێرەی كارنامەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی ئەم هەفتەیە و بەدیاریكراوی رۆژی 10ی ئەم مانگە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات، بەڵام بەهۆی سوربوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بەشدارینەكردن، هێشتا هیچ گەرەنتییەك نییە كە هەڵبژاردن بەو شێوەیەی كە بڕیاری لێدراوە ئەنجام بدرێت.

نیگەرانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەگوتەی هێزەكە بەهۆی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە بووە كە وەك دەستێوەردان ناوی بردووە،  بەتایبەت لە پرسی نادەستوریی بوونی 11ی كورسی كۆتای پێكهاتەكان، دابەشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ 4 بازنەی هەڵبژاردن‌و سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن‌ لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای‌ هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە.

لەم چوارچێوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵە یاسایی و دبلۆماسییەكانی بە ئاڕاستەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن "بەوشێوەیی كە دیاریكراوە" دەستپێكردووە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات جێگری پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەم پرسەی لەگەڵ بەرپرسان لە حكومەتی عێراق و هێزە سیاسییەكان لە بەغدا تاوتوێ كردووە و پێدەچێت بەشێك لە ئەجێندای دواین سەردانیشی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران تاوتوێكردنی دواخستنی هەڵبژاردن بوو بێت.

لە دواین راگەیەندراوی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختكراوەتەوە كە ئەوان لەگەڵ هەڵبژاردنێكدان كە "پاك و شەفاف بێت و سەرجەم پێكهاتەكان تێیدا بەشداربن"، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە كە پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێكدایە كە "دووربێت لەسەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەشكاری پێشوەخت".

پارتی دیوموكراتی كوردستان جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەگەر بێت و داواكارییەكانی جێبەجێنەكرێن، هەڵبژاردنیش دوابخرێت، بەهامان شێوەی ئێستا ئامادە نین بەشداری تێدا بكەن، "ئێمە پێمانوایە كە كۆمەڵێك بڕیرای هەڵە دراوە و بەبێ راستكردنەوەی ئەم بڕیارانە ناچینە ناو هیچ هەڵبژاردێكەوە".

لەبەرانبەر ئەم سوربوونەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەوڵە دبلۆمسییەكانی لەسەر ئاستی هەرێمی و دەرەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادایەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریكردووە و بەو بڕیارەی كە دادگای فیدراڵی دەریكردن دەستپێكردووە و مەكتەبی سیاسی ئەو هێزەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ناچنە ژێر هیچ فشارێكەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

پافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بۆ ئەم پرسە سەردانی بەغدای كردووە و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەشێك لە سەركردە سیاسییەكان كۆبووەتەوە و هاوكات بڕیاریشە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكات.

لەدواین بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە دوای كۆبوونەوەیەك بەسەرپەرشی سەرۆكی حزبەكە بەڕێوە چوو باس لەوە كراوە كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن بەوشێوەیی كە دیاریكراوە و هێما بۆ ئەوەش كراوە كە هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێكی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی كوردستانەوە كە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێك بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموكراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حكومەت دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە. یەكێتی جەختی لەوەش كردووەتەوە كە “بە هەموو ڕێكارێكی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواكانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی ١٠-٦ دا دەچێتەوە". 

جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، تا ئێستا هیچ هێزێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی راینەگەیاندووە كە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە و بەپێچەوانەوە زۆرێك لە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن جەختیان لە گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەیە كردووەتەوە كە دیاریكراوە.

سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك تاكە هێزی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە، بەڵام وەك بەشێك لە چاودێرانی سیاسی جەختی لێدەكەنەوە بەبێ بەشداریكردنی ئەو هێزە بەوپێیەی گەورەترین كوتلەی پێشتری پەرلەمانی كوردستان بووە، لەرووی هێزەوە دوو پارێزگای هەرێمی كوردستانی لەژێر دەسەڵاتدایە و هاوكات هەردوو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی لایە ئەستەمە هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت. ئەوان جەخت لەوەش دەكەنەوە كە جگەلەوەی گرنگە ئەم هێزە لە هەڵبژاردندا بەشدار بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هەموو دواخستنەی هەڵبژادن و لەدەستدانی شەرعییەتی زیاتری دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و بەو فشارە زۆرەی كە لەبەغداوە لەسەر هەرێم هەیە، ئەگەربێت هەڵبژاردن نەكرێت ئەوا دۆخەكە ئاڕاستەی خراپتر وەردەگرێت و بەرەولەدەستدانی زیاتری شەرعییەتی دامەزراوەكان دەمانبات.

ئەم ناكۆكیانەی پارتی و یەكێتی لەسەر هەڵبژاردن نزیكەی دوو ساڵە بەردەوامیان هەیە، سەرەڕای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 9-10ی ساڵی 2022، بۆ ماوەی ساڵێك، كە بەگوتەی هێزە دەسەڵاتدارەكانی ناو حكومەت (پارتی، یەكێتی و گۆران) بە مەبەستی ئامادەكاری بوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و هاوكات سەرەڕای دەركردنی چوار مەرسووم لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پارتی و یەكێتی نەك هیچ لێكتێگەیشتنێكیان نییە بەپێچەوانەوە تادێت درزی ناكۆكییەكانیان لەبارەی كات و چۆنییەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردن زیاتر دەبێت.

سوربوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر جێبەجێكردنی مەرجەكانی لەناویاندا گێرانەوەی كورسی پێكهاتەكان و جەختكردنەوەی یەكێتی لەسەر نەچوونە ناو هەڵبژاردنێكەوە كە پێشتر پارتی 11 كورسی تێدا مسۆگەر كردبێت، پێدەچێت ببێتە هۆی دەركردنی مەرسومی پێنجەم لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام لەهەمان كاتدا دەبێتە هۆكارێكیش بۆ زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی هەرێمی كوردستان.

مەرسوومی یەكەم كە رۆژی 24/2/2022 دەركرا، تێیدا  رۆژی 1/10/2022 دیاری كرا. مەرسوومی دووەم لە 26/3/2023 دەركرا و رۆژی 18/11ی هەمان ساڵ دیاری كرا. مەرسوومی سێیەم لە 3/8ی هەمان ساڵ دەركراوەو رۆژی 25/2ی ئەمساڵ دیاری كراوە. كۆتا مەرسووم بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دەركرا  رۆژی 3ی ئازاری ئەمساڵ بوو كە تێیدا رۆژی 10/6ی ئەمساڵی بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دیاریكرد.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە