وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: ڕێكارەكانی ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ، دەستی پێكرد، دەشڵێت: پێویستە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە کەمتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل ڕادەست نەکات..
حەیان عەبدولغەنی، ئەمشەو دووشەممە ٣ی شوبات لە لێدوانێكدا وتی"وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕێكارەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست پێكردوە لەڕێگەی نوسراوێكی فەرمیەوە بۆ ڕادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ و بۆئەوەی حكومەتی ناوەندی نەوتی هەرێم وەربگرێت و لەڕێگەی كۆمپانیای نیشتیمانیەوە، هەناردەی بكات".
وتیشی: ئەو بڕە نەوتەی هەرێم ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەكات، نابێت كەمتر بێت لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا و ئەو نەوتە لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق -توركیا هەناردە دەكرێت.
وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت"هەنگاویان لەگەڵ حكومەتی توركیا گرتوەتەبەر بۆ ئامادەكردنی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهان، ئاماژەی بەوەش كرد: ئەو قەرزەی لە ئەستۆی هەرێمە لەلایەن هەردولاوە، ڕێكکەوتنی لەسەر دەكرێت...