سەروتاری رێگای كوردستان
حوكمڕانی باش چەمكێكی سیاسییە لەلایەن ئاژانسە تایبەتییەكانی توێژینەوەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و، دەزگاكانی ئەو دامەزراوە بە ڕوونی ئاماژەی پێكراوە و، لە ئەزموونی چەندین وڵاتدا بە پێی تایبەتمەندی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی فاكتەری گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و گەشەپێدان بووە.
پرنسیپە سەرەكییەكانی حوكمرانی باش بریتین لە: سەروەری یاسا، ڕوونی و ئاشكرایی، گوێڕایەڵی، ڕووكردنە بونیادنان، گونجاندنی بۆچوونەكان، رەوایەتی، كارایی و شارەزایی، لێپرسینەوە لەبەردەم جەماوەر و تێڕوانینی ستراتیژی.
ئەم پرنسیپە گشتییانە، كە لە قۆناغی گواستنەوە وەك پێداویستییەك بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی وبنیاتنانی دیموكراسی پێویستن، توخمەكانی لە میانەی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و سەروەری یاسا و لامەركەزیەت و ڕۆڵی دامەزراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیدا دیاری دەكرێت و، دەبێتە بنەمایەك بۆ بەڕێوەبردنی سامانی گشتی و وەبەرهێنانی سامانە سروشتی و مرۆییەكان لە خزمەتی كۆمەڵگادا و بەبەشداری جەماوەر و لە سایەی پێوەری یەكسانی و بێ لایەنیدا.
حوكمڕانی باش لەم بازنەیەدا، بناغەی پێداچونەوە بە سیاسەتی ئابووری و داڕشتنی پلانی گەشەپێدان و قورتاربوون لە ئابووری بەرخۆر و پەیڕەوكردنی سیاسەتی سەربەخۆیی ئابوورییە، كە ناوەڕۆكەكەی لە خۆبژیویدا بەرجەستە دەبێت و، مایەی سەربەخۆیی وەرگرتنی بڕیاری سیاسی و پاراستنی پێكهاتەی هەرێمی كوردستانە، كە بەردەوام هەڕەشەی نەیاران نێوخۆی دەوڵەتی عێڕاق و وڵاتانی دراوسێ بە شێوازی جۆراجۆر لە سەر بوونی ئەم پێكهاتەیە لە زیادبووندایە.
حوكمڕانی باش ڕێگای گەڕانەوەی متمانەی جەماوەرە بە هەر دەسەڵاتێك بیەوێت سیاسەتەكانی لە خزمەتی خەڵك و پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام بێت و، لە ڕەوشی كوردستانی باشوردا بناغەی بنیاتنانی چەمكی هاووڵاتی كارای كوردستانییە، كە پشت بە شوناسی نیشتمانی كوردستانی لە جیاتی شوناسە لۆَكاڵییەكان ببەستێت.
لەم چوارچیوەیەی ئاماژەمان پێكرد، بیركردنەوە لە چاكسازی ڕاستەقینە و بەرهەمدار بێ هەنگاوان بۆ حوكمرانی باش ئەنجام نادرێت، و جەختكردنیش لەسەر ئەم چەمكە لە ڕەوشی سیاسی ئەمڕۆدا پێویستی بە فشاری جەماوەر بەسەر دەسەڵاتدا هەیە بەو مەبەستەی، كە بیرۆكەی حوكمرانی باش لە بازنەی داواكاری حزبێك و گروپێكی سیاسی نەمێنێتەوە و ببێتە داواكارییەكی ستراتیجی جەماوەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان لەسەر قەوارەی هەرێم و پشتبەستن بە هۆكاری خودی و وزە و توانای جەماوەر لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتیدا.