بەمەبەستی پیرۆزبایی لە(29)هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، رۆژی یەكشەممە 2024/8/25 شاندێكی پەیوەندییەكانی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان كە پێكهاتبوون لە هاوڕێیان هەندرێن ئەحمەد و هاژە شێخ سلێمان، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دكتۆر محێدین ، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كورستان و هاوتا رەسول ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكانی ناوندی، سەردانی بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستانیان كرد و لە لایەن هاوڕێ مام خدر، سكرتێر و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، بە گەرمی پێشوازی كران.

شاندی حزبمان، پیرۆزبایی گەرمی حزبی شیوعی كوردستانیان پێ راگەیاندن و هیوای سەركەوتنیان بۆ خواستن. لەبەرامبەردا سوپاسی شاندی حزبی شیوعی كرا بۆ ئەو سەردانە.

 

دەقی پیرۆزباییەكە

بەڕێز/ هاوڕێ مام خدر سكرتێری بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان

بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەكردایەتی

بابەت/ پیرۆزبایی

بەبۆنەی (29) هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندی بزوتنەوە تێكۆشەرەكەتان،  بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، بەناوی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و سەرجەم كادیر و ئەندامانمان، پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەین و لەرێگای ئێوەشەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم ئەندام و كادیر و هەوادارانتان دەكەین و هیوای سەركەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین. هەڵبەتە بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان لە مێژوی خەبات و تێكۆشانیدا شان بەشانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و داكۆكی كردن لەماف و داخوازییەكانی گەلەكەمان و هەمیشە وەك دۆست و هاوپیمانی حزبی شیوعی كوردستان لە قۆناغەكانی تێكۆشان بەردەوام كاری هاوبەشیان كردووە، بەتایبەتی لە لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان.

بەڕێزان/ لەو كاتەی یادی ساڵڕۆژی دامەزراندی بزوتنەوەكەتان دەكەنەوە، جیهان و ناوچەكە بەقۆناغێكی هەستیار تێدەپەڕێت، بەهۆی ئەو بارگرژی و ناكۆكیانەی بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بێشك نیشتمانەكەی ئێمەش بەدەر نییە لەو بارودۆخە، بۆیە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان لە هەمبەر ئەو رەوشەدا بەگرنگ و پێویست دەزانین بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و داكۆكی كردن لە بەرژەوەنییەكان گەلەكەمان و ماف و داخوازییەكان و باشتركردنی بژێوی و ژیانی هاوڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان.

لەم بۆنەیەدا، جارێكی تر جەخت لەسەر دۆستایەتی و پەیوەندییە دێرینەكانی حزبی شیوعی كوردستان و بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان.

دووبارە پیرۆزبایمان قبوڵ بفەرموون.

‎لەگەڵ رێزماندا

 مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە