حزبی شیوعی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بۆ گفتوگۆی بارودۆخی سیاسی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و پەیوەندی دووقۆڵی ساز دەكەن.
رۆژی ١٠ی ئاداری 2025 لە دەباشان لە سلێمانی، شاندێكی باڵای حزبی شیوعی كوردستان سەردانی بارەگای سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی كرد.
شاندەكەی حزبی شیوعی كوردستان بەسەرۆكایەتی د. كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی و بەیاوەری هاوڕێیان ئەبوكاروان و هەندرێن ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بوو.
شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و قادر عەزیز یاریدەدەری سەرۆك و شاڵاو شێخ سەڵاح ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێكهاتبوو.
لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا گفتوگۆی چەند تەوەرێكیان كرد، كە لە بەراییدا بەڕێز بافڵ تاڵەبانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی حزبی شیوعی كوردستانی كرد و باسی لە پەیوەندیی دووقۆڵی هەردوو حزب كرد، دواتر تیشكی خستە سەر دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان.
هاوكات هەردوولا گفتوگۆی بارودۆخی سیاسی كوردستان و ناوچەكە و جیهان و دوایین پێشهاتەكانیان كرد.
لەكۆتاییدا جەخت لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوانی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە لەپێناو بەرژەوندی باڵای نیشتمانی و هاووڵاتییانی كوردستان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانیان.
لەكۆتاییدا جەخت لەسەر دیداری هاوبەش و بەردەوامی نێوان هەردوو حزب كرا.