رێگای كوردستان
پێدەچێت لەچەند رۆژی داهاتوودا مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران بخرێتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا هیچ رێككەوتنێك لەسەر رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بەعێراق و پرسی تەوتین نەكراوە. بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەبێ رێككەوتنی كۆنكرێتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەچارەسەرنەكراوی دەمێنێتەوە.
رۆژی 8ی ئە مانگە وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كورستان كردوە و تێیدا داوای رادەستكردنی ٩٥٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی دوومانگی سەرەتای ئەمساڵی كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە داهاتی ناوخۆ لەوە كەمترە كە بەغدا داوای دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان داواكارییەكی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ رادەستكردنی ئەو بڕە پارەیە لەسەر بڵاوكردنەوەی زانیارییەكی پێشتری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە كە تێیدا رۆژی 28ی ئازاری ئەمساڵ لە نوسراوێكدا بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كردووە تێكڕای داهاتی نانەوتیی هەرێم لە مانگی یەك و دووی ئەمساڵدا بریتی بووە لە زیاتر لە (905 ملیار) دینار.
لەدوای نوسراوەكەی وەزارتی دارایی عێراق بۆ رادەستكردنی ئەو بڕە لە داهاتی نانەوتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند دیاریكردنی 905 ملیار دینار هەڵەیەك بووە و جەخت دەكاتەوە كە داهاتی ناوخۆ (320 ملیار) دینارە، "لە دیاریكردنی داهاتە نانەوتییەكاندا، هەندێك پارەی تر تێكەڵ بە داهاتە نانەوتییەكان كراوە لەوانە (پارەی سپاردەی بانكەكان- قەرزی كارەبا- هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە)".
بەگوێرەی زانیارییەكان یەكێك لەهۆكارەكانی چوونی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا پرسی داهاتی نانەوتی و بڕەكەی بووە، لە كۆوبونەوەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا ئەم پرسە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق باس كراوە و ئەو هەڵەیە راست كراوەتەوە.
لەكۆبوونەوەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاری وەزارەتەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق بەڕێوە چوو جگە لە رێژەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە حكومەتی عێراق، پرسی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی "هەژماری من" و چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ كراون.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە هەولێر و بەغدا لێكتێگەیشتنی هاوبەشیان بۆ رادەستكردنی داهاتی نانەوتی هەرێم هەیە و هەولێر ئەم ئامادەییەی دەربڕیوە، بەڵام هێشتا هیچ رێككەوتنێكی كۆتایی لەسەر ئەم پرسە نەكراوە، بەتایبەتی لەرووی قەبارەی داهاتەكەوە.
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كە سەرۆكایەتی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لەدوای كۆبوونەوەكە رایگەیاند كە لەگەڵ بەغداد گەیشتوینەتە چەند خاڵێكی هاوبەش بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكانی تایبەت بەداهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان لەژێر رۆشنایی یاسا فیدراڵییەكان.
ئامانج رەحیم، هێما بۆ ئەوەش دەكات رێككەوتن كراوە چیدیكە ناكۆكیی تەكنیكیی نێوان هەردولا نەبێتە هۆكاری بێبەشكردنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە مووچەكەیان.
سەرەڕای ئەم لێكتێگەیشتنە هاوبەشە، بەڵام هیچ رێككەوتنێك لەنێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بڕ و چۆنییەتی رادەستكردنی داهاتی نانەوتی وەك پابەندییەكی یاسایی نەكراوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە بەغدا پێشتر داوای كردووە كە بەگوێرەی یاسای كارگێڕی دارایی سەرجەم داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق و ئەوەی پشكی بەغداد بێت لێی دەردەكرێت و ئەوی دیكەی دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
جگە لە داهاتی نانەوتی، پرسی تەوتین و هەژماری من كە دوو پڕۆژەن لەلایەن عێراق و هەرێمی كوردستانەوە پێداگرییان لەسەر دەكرێت هێشتا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە دواین كۆبوونەوەی شاندەكەی هەرێم ئەم پرسە تاوتوێ كراوە.
ئەگەرچی نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، باس لەوە دەكات كە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەخریچتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەمەش هاوشێوەی سێ مانگی رابردوو فەرمانبەران مووچەكانیان وەردەگرن، بەڵام چاودێرانی سیاسی جەخت دەكەنەوە كە بەبێ چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكان كێشەی مووچەی فەرمنابەرانی هەرێم بەچارەسەرنەكراوی دەمێنێتەوە.