
كەشناسی عێراق بڵاویكردەوە شەپۆلێكی باران بارین تەواوی عێراق دەگرێتەوە و لەگەڵیدا پلەكانی گەرما دادەبەزن.
بەپێی دوایین نوێکارییەکان كە لەلایەن کەشناسی عێراق ڕاگەیەندرا" دوای کۆتاییهاتنی شەپۆلی خۆڵبارین، شەپۆلێکی بەربڵاوی بارانبارین، کە لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بە چڕترین شەپۆل دادەنرێت، روو لە عێراق دەکات".
کەشناسی عێراق ڕوونیکردەوە، لە ئێستادا عێراق لەژێر کاریگەری سیستەمێکی چالاکی پەستانی نزمدایە کە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە دێت و بارستە هەوایەکی تاڕادەیەک سارد و شێدار لەگەڵدایە کە بەشدارە لە دروستبوونی هەوری کومولوس و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەسەر زۆربەی پارێزگاکاندا بڵاودەبێتەوە.
راشیگەیاند" لوتکەی ئەم بارودۆخە کەشوهەوایانە لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوا دەبێت، کە وردە وردە بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور بڵاودەبێتەوە بە چڕی بارانبارینی جیاواز، هەندێکجاریش ڕەشەبای لەگەڵدا دەبێت، بەجۆرێک وڵات کاریگەری لەسەر شەپۆلێکی بەرفراوانی بارانبارین دەبێت"
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم سیستەمە پەستانە نزمە، بەهۆی تێپەڕبوونی بەرەی ساردی هاوڕێیەوە، دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی و زیادبوونی چالاکیی بای سەر ڕووی زەوی، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کەشوهەوای تاڕادەیەک سارد و ئەگەری دروستبوونی تەم لە هەندێک ناوچە لە کاتژمێرەکانی زووی بەیانیدا".