لە پەرلەمانی عێراق 120 وإژوو كۆكراوەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابكەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەو بڕە پارەیەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بۆ مووچەی مانگی 7، 8 و 9ی مووچەخۆران خەرج دەكرێت و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەرجی ڕاستەقینە جیابكەینەوە و رێگەچارەیەك بۆ سێ مانگەكەی دیكەش بدۆزرێتەوە".
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کرد، نزیکەی 120 واژوویان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابکرێتەوە، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و، ئەوە دەکەنە پڕۆژەیەک بە مەبەستی ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە.
هەروەها دەڵێت "پڕۆژەكە وەڵامدانەوەیەكی باشی هەیە، تەنانەت لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی لەكاتی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەیان بەلاڕێدا برد و ئەم ئەنجامەی لێكەوتەوە. هەموو لایەنێك هاوهەوڵوێستن لەسەر ئەوەی نابێت قوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تێكەڵی كێشە سیاسییەكان بكرێت و بەرەو هەمواركردنەوەی ئەو بڕگەیە (بڕگەی پەیوەستكردنی مووچەی فەرمانبەران بە ئینفاقی فیعلی) دەچین".