رێگای كوردستان

 

سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی باڵای كۆمیسیارانی سەر بە كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد و بڕیارە لەماوەی دە رۆژی داهاتوودا یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت. هێشتنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەكراوەیی ئەگەرێكی نزیكە و بەشێك لە چاودێرانی سیاسیش رایدەگەێنن كە هەڵبژاردنی هەرسێ سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەرێم و حكومەت دوادەكەوێت.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: لە رۆژی یەكشەممە، ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجومەنی كۆمیسیارانی سەر بە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆبونەوەیەكدا ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەندكرد.

پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژارنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدا بوو كە بەشێك لەلایەنە سیاسییە ناڕازییەكان (44 تانە) یان ئاڕاستەی كۆمسیۆن كردبوو، بەڵام هەفتەی پێشتر دەستەی دادوەری لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرجەم تانەكانی یەكلایی كردبوونەوە.

ئەنجومەنی كۆمیسیاران نووسراوی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەشێوەیەكی فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكات و دواتر لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە رۆژی یەكەمی كۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمان دیاریدەكرێت كە پێوستە لەماوەی تەنیا دە رۆژدا ئەنجامبدرێت.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند " كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نووسراوی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی لە پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئاگاداركردووەتەوە." گوتیشی: بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان؛ لە داهاتوویەكی نزیكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەكەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەردەكات.

ئەندامدانی یەكەمین دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لەماوەیەكدا كە لە دە ۆژ زیاتر نەبێت  بەگوێرەی ماددەی 46 لە یاسای هەڵبژاردنی كوردستان هەمواركراو ژمارە 15 ساڵی 2013، هاوكات یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە 1 ساڵی 2005 ماددەی دەیەم بڕگەی 3، تەنانەت ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێم لەماوەی ئەو دەرۆژەدا بانگهێشتی پەرلەمانتاران نەكات، كۆبوونەوەكە پێوییست دەكات بەڕێوەبچێت و تێیدا ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخۆن و دواتر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

وەعد مزووری، راوێژكارێكی یاسایی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات كە لە دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسوم بۆ ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوە دەرنەكرد، "دەبێت پەرلەمان لە رۆژی 11 یەم كاتژمێر12 نیوەڕۆ كۆببێتەوە بۆ یەكەم دانیشتن".

بەگوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی 11ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بەتەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، سەرۆكایەتی یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكات و هاوكات بەگوێرەی ماددەی 48 لە یاسای هەڵبژاردنی كورستان پێویستە هەرسێ‌ پۆستی (سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر)ی پەرلەمان دیاریبكرێن. "دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەرگای كاندیدبوون بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت، دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ رادەسپێرێت، هەڵبژاردنی ئەم سەرۆكایەتییانەش پێویستی بە 50 كۆ یەكی دەنگی پەرلەمانتاران دەبێت".

بەشێك لە چاودێرانی سیاسی بۆچوونیانوایە كە هێزە سیاسیيەكان ناتوانن لەماوەی دە رۆژی داهاتوودا بگەنە رێككەوتن و هەر ئەمەش وادەكات كە پەرلەمانی كوردستان نەتوانێت لە دانیشتنی یەكەمدا پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان یەكلاییبكاتەوە، بەتایەبتی كە بەگوێرەی ئەزموون لە هەرێمی كوردستان هەموو پۆستەكان وەك یەك پاكێج سەیركراون.

هەرچەند رۆژێكی كەم لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و پێش پەسەنكردنی ئەنجامەكان هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان شاندی دانوستانكارییان بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاریكردووە و بەگوێرەی زانیارییەكان جگە لە كۆبوونەوە لەگەڵ هێزە براوەكانی دیكەدا، هاوكات جۆرێك لە پەیوەندی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا بوونی هەبووە، بەڵام هیچ جۆرە لێكنزیكبوونەوەیەك نەهاتووەتە ئاراوە.

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەوە دەكات كە ئەوان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەن بەمەبەستی هەرچی زووتری پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، "پارتی دەیەوێت هەموو لایەنەكان شان بدەنە ژێر بەرپرسیارێتی و بەشدارییان هەبێت لە بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان". لەلایەكی دیكەشەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەزاری وتەبێژەكەیەوە پێشتر چەندجارێك باسی لەوە كردووە كە ئەوان ئامادەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوكات بۆ هەمان مەبەستیش لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكە كۆدەبنەوە.

ڕۆژی 20ی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا و بەپێی ئەنجامەكان پارتی دیموكراتی كوردستان: 39 كورسی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان: 23 كورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان: 7 كورسی، ڕەوتی هەڵوێست: 4 كورسی، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان: 3 كورسی، بەرەی گەل: 2 كورسی، هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان: 1 كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان: 1 كورسی و كۆتای پێكهاتەكان 5 كورسیيان بەدەستهێناوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە