
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەموو پێداویستییەکان بۆ پۆلیس دابین کراون و زۆربەی کاروبارەکانیش بەدیجیتاڵ کراون و پرۆسەکەش بەردەوامە و برەوی زیاتری پێ دەدەین.
مقەدەم (کیفاح حەسەن)، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە میدیاكانی ڕاگەیاند، ڕۆڵی گرنگ و پاڵپشتیی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (مەسرور بارزانی) بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان و بەدیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی پۆلیس و نەهێشتنی ڕۆتین، بەرز دەنرخێنین و پرۆسەی بەدیجاڵکردنیش بەردەوامە و برەوی زیاتری پێ دەدەین.
کیفاح حەسەن، پەیوەست بە کەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان لە کابینەی نۆیەمدا دەڵێ، ڕێژەی تاوان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییە هاوبەشەکانمان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، چونکە تۆمەتباران لە ڕێگای نوێترین تەکنەلۆژیای سەردەمەوە، وێڕای دەستگیرکردنیان، ڕادەستی یاسا دەکرێن و پرۆگرامی نوێی هاوچەرخیش لەبەردەستدان.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، چەند هێڵێکی گەرممان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان لە کاتی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دابین کردوون، کە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان پێوە بکەن و کێشەکانیان لە ڕێگەی یاساوە بۆ چارەسەر دەکەین. هێڵەکانیش بریتین لە (066104) (066134) (07508088080).
دەشڵێ، سەرجەم بنکە و بەشەکانمان بە ڕووی هاووڵاتیاندا کراوەن و دەمانەوێ ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و پۆلیس پتەوتر بکەین و پەرەی زیاتر بەو متمانەیە بدەین کە لە نێوان خەڵک و پۆلیسدا هەیە.
لەبارەی قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەتیشەوە، کیفاح حەسەن ڕوونی دەکاتەوە، یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، بە بڕیاری ڕێزدار سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاسپاردەی بەڕێز وەزیری ناوخۆ و بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، وەک خۆیان جێبەجێ کراون و خۆشبەختانە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر باشی لە نەهێشتنی دیاردەی چەکی بێ مۆڵەت و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان هەبووە.
ئومێد بابان
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر