ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی
بەشی دووەم
٢. سەندیکاکانی کرێکاران
بە پێی یاسای کار لە عێراق چەمکی فرە سەندیکاگەرایی چەسپاوە ، کە ڕێگە بە بوونی زیاتر لە سەندیکایەکی کرێکاران دەدات کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کرێکاران دەکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکاندا. بەپێی ئەم بنەمایە، لە هەر دۆخێکدا کە پێویستی بە نوێنەرایەتی کرێکاران هەبێت، ئەو سەندیکایەی زۆرترین ژمارەی نوێنەری کرێکارانی تێدایە، دانپێدانراوە. بەڵام ئەم بنەمایە لەگەڵ یاسای رێکخستنی سەندیکای کرێکاری ژمارە ٥٢ی ساڵی ١٩٨٧ کە لەسەر بیرۆکەی تاک سەندیکا دامەزراوە، ناگونجێت. لە ساڵی 2017دا عێراق بەفەرمی ڕێککەوتننامەی ئازادی کاری سەندیکایی و پاراستنی مافی ڕێکخستن ژمارە 87ی ساڵی 1948ی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی پەسەند کرد، لە ڕێگەی یاسای ژمارە 87. بەپێی مادەی 11ی ئەم یاسایە عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو پێویستی و هەنگاوی کردەیی گونجاو بۆ گەرەنتیکردنی مافی هەردوو لایەنی کرێکار و خاوەنکار کە دەتوانن بە ئازادی مافی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دامەزراندنی سەندیکا و رێکخراوی تایبەتمەند بە خۆیان. چاوەڕوان دەکرا ئەم یاسایە بناغەیەک بۆ پەرەپێدان و دەرکردنی یاسایەک سەبارەت بە ماف و ئازادییەکانی سەندیکاکان دابنێت.
دوایین هەنگاو لەم پێشکەوتنەدا، لە رێکەوتی ٣ و ١٠ی ئابدا، فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق (GFIW) کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەک تاکە سەندیکای نوێنەرایەتی ناسێندرا لە غیابی یاسایەک کە پشتگیری لە بنەمای فرە سەندیکا بکات، دوو کۆبوونەوەی بۆ ئەندامان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی یاسای ئازادی کاری سەندیکای لە عێراق. هەروەها لە 15ی ئەیلولی 2023دا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار لە هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی سەندیکاکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی یاسای پێشنیارکراوی ڕێکخستنی کارەکانی سەندیکاکان لە عێراق. لە 16ی ئابی 2023دا، لیژنەی ڕێکخراوەکانی کار و کۆمەڵگەی مەدەنی بە سەرۆکایەتیی نوێنەری ناهیدە ئەلدایینی و بە هاوبەشی چەند ئەندامێکی، لەگەڵ شاندێکی کۆنفرانسی فیدراسیۆن و سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق (CIFWU) کۆبووەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر تاوتوێکردنی یاسای پێشنیارکراوی ڕێکخراوەکانی سەندیکای کرێکاران بۆ کرێکاران و فەرمانبەران لە عێراق، بە پێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئامانجی هاوتەریبکردنی عێراق بوو لەگەڵ ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی ئازادی کاری سەندیکاکان .
لە عێراقدا بزووتنەوەی سەندیکاکان بەسەر دوو گرووپی سەرەکیدا دابەشبووە. گرووپی یەکەم، کۆنفرانسی فیدراسیۆن و سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق (CIFWU)، بە پێی ئامانجی راگەیەندراوی خۆیان ئەم چوارچێوەیە جەخت لە سەر چەسپاندنی هەوڵەکانی بزووتنەوەی سەندیکای کرێکارانی عێراق دەدات و بە پابەندبوون بە ئازادی و سەربەخۆیی و دیموکراسی و پیشەگەرییەوە کاردەکات. حەوت سەندیکا و فیدراسیۆنی سەرەکی عێراق لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:
1. فیدراسیۆنی گشتی سەندیکای کرێکارانی عێراق (GFITU)
2. فیدراسیۆنی سەندیکای بازرگانی و پیشەیی سەربەخۆ لە عێراق (FITPUI)
3. فیدراسیۆنی گشتی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق (GFWUI)
4. فیدراسیۆنی یەکێتی نەوتی عێراق (IFOU)
5. یەکێتی پیشەی ئەندازیاری تەکنیکی (UTEP)
6. فیدراسیۆنی ئەنجومەن و سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق (FWCUI)
7. فیدراسیۆنی نیشتمانی ناوەندی سەندیکای کرێکارانی عێراق (CNFITU)
لایەنێکی تری سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق بریتییە لە فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق (GFIW)ە، کە پێگەیەکی تایبەتی هەیە و تاکە سەندیکایە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دانپێدانراوە. لە چەندین ڕووەوە هەڵوێستی GFIW سەبارەت بە پرسەکانی کرێکاران لە هەڵوێستی سەندیکاکانی دیکە جیاوازە. لە کاتێکدا کە پرەنسیپێکی پراکتیکی فرە سەندیکا لە عێراقدا هەیە، بەڵام هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نییە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی ئەم یەکێتییە جۆراوجۆرانە. بۆچوونی جیاواز لەم دوو بەرەیەدا هۆکارێک بووە بۆ دواخستنی پەسەندکردنی یاسایەک سەبارەت بە ڕێکخستنی سەندیکاکان. پەیوەندی و هاوکاری کاریگەر لە نێوان هەردوولادا بۆ چارەسەرکردنی هاوبەشی کێشەکانی کرێکاران کەم بووە. بە پێچەوانەوە هەندێک جار یەکتر بە شتی جۆراوجۆر تۆمەتبار دەکەن، وەک لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن GFIW لە ٣ی تشرینی یەکەمدا بڵاوکرایەوە، CIFWU بە شێوەیەکی نایاسایی کاردەکات و پێشینەی تاوانکاری هەیە. وا دیارە GFIW پشتگیری لە سیاسەتەکانی حکوومەت دەکات و CIFWU هەڵوێستێک لە دژی ئەم سیاسەتانەی حکوومەت دەگرێتەبەر. ئەم جەمسەرگیرییە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرژەوەندی کرێکاران دەبێت.
نەبوونی کاریگەری سەندیکا کرێکارییەکانی عێراق لەسەر نایەکسانی و سیاسەتی ئابووری دەوڵەت جێگای سەرنجە. بەگشتی ئەرکێکی گرنگی سەندیکاکان بریتییە لە کۆکردنەوەی ڕای گشتی، بەتایبەتی لەنێو کرێکاراندا، بۆ پیشاندانی نارەزایەتی دژی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت کە کاریگەری خراپ لەسەر چینی کرێکار هەبێت، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا هەڵوێستی سەندیکاکان ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان هەبێت. وەک وێناکردنێک بۆ ئەرکی سەندیکاکان لەم ڕووەوە، ئێمە سوودمان لە سۆشیال میدیای سەندیکاکان وەرگرتووە، سەندیکاکان ئامادەیی سنوورداریان لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا هەیە. لە سەردەمێکدا کە سۆشیال میدیا وەک سەکۆیەکی زانیاری باو و دەستڕاگەیشتوو کاردەکات، سەندیکاکان بە شێوەیەکی بەرچاو لەم کەناڵانەدا ئامادە نین، سەرەڕای ئەوەی دەتوانن پەیامەکانیان بە جەماوەرێکی بەرفراوان بگەیەنن. پێویستە بگوترێ فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق لەڕووی بوونی سۆشیال میدیاوە وەک چالاکترین سەندیکای کرێکاران لە عێراقدا دەردەکەوێت، کە ژمارەیەکی بەرچاو پۆستیان لە ساڵی 2023دا تۆمارکردووە، زیاتر لە 90%ی پۆستەکانیان لەسەر ڕاپۆرتکردنی سەردانە فەرمییەکانە ، هەروەها ڕێکخستن یان بەشداریکردن لە چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، CIFWU کە وەک ڕێکخراوێکی چەتر بۆ حەوت سەندیکا کاردەکات، تەنها سێ پۆستی لە پەیجی فەیسبووکەکەیدا کردووە بە درێژایی ساڵ , GFWUI و IFOU هیچ لاپەڕەیەکیان لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا نییە. تەنها یەکێک لە شەش پۆستەکەی FITPUI لە ساڵی ٢٠٢٣دا باس لە پرسێکی ڕاستەقینە دەکات کە کرێکاران ڕووبەڕووی دەبنەوە. CNFITU و UTEP بە ٣٠ و ٣٦ جار لە پەیجەکانیان لە فەیسبووکدا پۆستیان کردووە، بەڵام زۆربەی ئەم پۆستانە لەسەر سەردان و بەشداریکردنی فەرمی جەخت دەکەنەوە، کە تەنیا بەشێکی کەمیان باس لە ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران دەکەن. لەساڵی 2023 دا GFITU ٢٠پۆستی کردووە، بەشێوەیەکی سەرەکی تیشکی خستۆتە سەر ڕۆژ و بۆنە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ هەندێک بابەتی تایبەت بە عێراق، وەک مامەڵەی ناڕەوا لەگەڵ کرێکارێکی سەندیکا لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، مەترسیی بە تایبەتکردن یان هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان و فرۆشتنیان و پشتگیریکردن لە مافە بنەڕەتییەکانی کرێکارانی خانەنشین و ئازادیی سەندیکایی لە ڕۆژی جیهانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی کرێکارانی کۆچبەردا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، وەک چالاکترین یەکێتی سەندیکایی لە نێوان ئەندامانی CIFWU، FWCUI ٦٤ جار پۆستی کردووە، کە زۆرینەیان لەسەر پرسەکانی کار بووە. بەشێوەیەکی بەرچاو چەندین خۆپیشاندانی پەیوەست بە کاری لە عێراقدا رووماڵ کردووە، وەک مانگرتنی ٢٥٠ کرێکاری کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئاسنی پتەوکراوی بی سی لە کەرکووک لە ٢٣ی کانوونی دووەمدا، ناڕەزایەتیی کرێکارانی پاڵاوگە و نەوت لە بەسرە لە ٦ی تەمموزدا، خۆپیشاندانی کارمەندانی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە رێکەوتی ٢٩ی ئایار دژی مادەی ٤٢ی ڕەشنووسی بودجە، هەروەها ناڕەزایەتی جوتیارانی ناحیەی ئەلنەشوەی بەسرە لە ٢٨ی ئایار دژی پڕۆژەی دیزاینکردنەوەی قەزاکە. یەکێک لەو نیگەرانیانەی کە FWCUI لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣دا بە شێوەیەکی بەرفراوان تیشکی خستۆ سەر، ستراتیژی فرۆشتنی سەروەت و سامانی کۆمپانیاکانی کەرتی گشتی و دەرکردنی کرێکارەکانیان بووە، ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەتی عێراقدا. ئەم سیاسەتانە کە زۆرجار لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا خۆیان دەگۆردرێن، سەرنجیان لە خستنە خزمەتی سەروەت و سامانی گشتییە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیای تایبەت. داڕشتنەوەی ئەم کۆمپانیایانە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی بانکی نێودەوڵەتی، وەک کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، گوایە کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی ئاسایی لە زۆر رووەوە دەبێت، بەڵام لە عێراقدا ئەم ڕێوشوێنانە بە پلەی یەکەم ئامانجیان کردنەوەی بازاڕە بەڕووی کاڵای بیانیدا بەهۆی پشتبەستنی ئابووری بە سامانە سروشتییەکان. کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم سیاسەتانە قووڵە، دەبێتە هۆی زیادبوونی بێکاری و هەژاری و دابەزینی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، کە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر چینی کرێکار و بێبەشەکان دەبێت، لە کاتێکدا کەمینەیەک سامانێکی بەرچاو دەچنێتەوە. ئەم بنەمایە هاوتەریبە لەگەڵ ئەجێندای سەرمایەداریی جیهانی ، سوود بە دامەزراوە داراییەکان دەگەیەنێت بە تێچووی هەژارکردنی ملیۆنان خەڵکی تر بە تایبەتی لە چینی کرێکاراندا، حکوومەتی عێراق و بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان لە بەرژەوەندی و ئاسانکاری ئەم سیاسەتە نێودەوڵەتییانە کاردەکەن. یەکێتیی گشتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان کە تاکە سەندیکای کرێکارانە لە هەرێمی کوردستان، لە سۆشیال میدیادا، وەک زۆرێک لە سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق، ئامادەیی سنوورداری هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا سەندیکاکە تەنها حەوت جار لە پەیجی فەرمی خۆی پۆستی کردووە. جگە لە ڕاگەیاندنێک بۆ ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە یەکەمی ئایاردا، هەموو پۆستەکانی تر پەیوەندییان بە هەواڵی سەردانە فەرمییەکانەوە هەبوو.
بەگشتی، جگە لە هەندێکیان ، ئەو ناوەڕۆکەی کە سەندیکاکانی کرێکاران لە سۆشیال میدیادا هاوبەشی دەکەن، بە پلەی یەکەم لەسەر پرسەکانی کرێکاران نییە. جێگای سەرنجە، کەمی ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوەکانی شوێنی کار هەیە، سەرەڕای ڕوودانی هەزاران ڕووداوی لەو جۆرە ڕۆژانە. سەرەڕای ئەوەش، کەمی ڕاپۆرتی ورد لەسەر ژمارەی ئەو کرێکارانە هەیە کە بەهۆی نەبوونی ڕێوشوێنی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە شوێنەکانی کاردا بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.
٣. بارودۆخی کارکردنی ناجێگیر
کاری ناجێگیر ئاماژەیە بۆ نەبوونی سەقامگیری لە کاردا؛ بەواتای ئەوەی کارمەند و کرێکار دڵنیا نییە لە بەردەوامی کارەکەی و مافە بنەڕەتییەکانی بۆ دەستەبەر ناکرێت، کارێکی کورتخایەنە و لە هەر کاتێکدا دەکرێت کارەکە کۆتایی پێبێت. بە شێوەیەکی گشتی مووچەیەکی خراپ لە بەرامبەر کارێکی قورس دەدرێت. لە بنەڕەتدا، کاری ناجێگیر ئاماژەیە بۆ بارودۆخی دامەزراندن کە لە ڕوانگەی کرێکارەوە نادیار و پێشبینینەکراو و پڕە لە نادڵنیایی، زۆرجار ئەو زەمانەتە ئاساییانەی پەیوەستن بە کارێکی "ئاسایی"ەوە دابین ناکرێت لە گرنگترینیان گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتی. لە هەرێمی کوردستان مامۆستایانی وانەبێژ نموونەیەکی ئەم جۆرە کارەیە.
عەباس زوهێر ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق (GFIW) تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگە بەردەوامەکان و پێشنیاری چاکسازی لە بازاڕی کاری عێراقدا دەکات. لیژنەکانی پشکنین کە نوێنەرانی GFIW و وەزارەتی کاریشیان تێدایە، چاودێری کارگەکانی خشت لە دیالە دەکەن بۆ پێشێلکردنی یاسای کار، بەتایبەتی سەبارەت بە دستەبەری کۆمەڵایەتی و کەمترین مووچە. زوهێر ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرجار خاوەنکارەکان هەوڵدەدەن راستییەکان بشارنەوە، هەندێکیشیان کەمتر لە کەمترین مووچەی یاسایی کە ٣٥٠ هەزار دینارە، مووچەی کرێکاران دەدەن. هەروەها ئاماژە بەوەدەدات ئەو کۆمپانیایانە کە لەلایەن حکوومەتەوە گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ خزمەتگوزاری پاککردنەوەی نەخۆشخانەکان تەنها 150-200 هەزار دینار مووچەی کرێکاران دەدەن. جگە لەوەش زوهێر باسی لە لێشاوی کرێکارانی بیانی کرد کە بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی مووچە (200-300 دۆلار) و ئامادەیی بۆ کارکردنی کاتژمێری زیاتر (تا 14 کاتژمێر)، تادێت خاوەنکارەکان کرێکاری بیانی زیاتر دەخەنە سەر کار بەراورد بە کرێکارانی عێراقی، کە بەلایەنی کەمەوە بەدوای 500 دۆلاردا دەگەڕێن یان 500-600 هەزار دینار مانگانە و 8 کاتژمێری رۆژانە. ئەم دۆخە ئاڵۆزییەکانی بازاڕی کاری عێراق پیشان دەدات، لەوانەش خراپی لە مووچە، ئیستغلالکردنی کرێکاران و هەروەها جێبەجێکردنی یاساکانی کار بە گشتی. ئێستا پیشەسازی عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووەتەوە و زۆرێک لە کارگەکان کاریان راگرتووە و ئەمەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بێکاری هەتا لە نێوان کرێکارانی لێهاتوودا. وەزارەتی پیشەسازی نزیکەی 290 دامەزراوەی بەرهەمهێنان و تاقیگەیی لە سەرانسەری عێراق بەڕێوەدەبات، لەو ژمارەیەش نزیکەی 100 دامەزراوە کارکردنیان وەستاوە. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم داخستنە بریتین لە خراپ بەڕێوەبردن، گەندەڵی، پشتبەستنی بەردەوام بە هاوردەکردن و نەبوونی پشتیوانی لە بەرهەمە ناوخۆییەکاندا. راگرتنی کارکردن لەم ناوەندانە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ملیۆنان دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق. کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکان لەناکاو بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە یان پەیڕەوکردنی پرۆتۆکۆڵە یاساییەکان، دەرکەوتنێکی دیکەی ناجێگیری کارکردنە کە کرێکارانی کەرتی تایبەت ڕووبەڕووی دەبنەوە. بۆ نموونە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی لە هەولێر بەبێ هیچ پاساوێکی ڕوون لەناکاو ١٥ کارمەندی خۆی لە کارەکانیان دوورخستەوە. لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا کۆمپانیایەک لە سلێمانی دامەزراندنی 14 کەسی هەڵوەشاندەوە کە بۆ ماوەی ساڵ و نیو تا دوو ساڵ لەگەڵ کۆمپانیاکە بوون. ئەم کارە لە وەڵامی ڕێنماییەکی حکوومەتدا ئەنجامدرا کە کۆمپانیاکە داوا دەکات ئەم کرێکارانە لە مووچەی ڕۆژانەوە بگوازێتەوە بۆ دامەزراندن بە گرێبەست. لە هەرێمی کوردستان، هەزاران کرێکار کە لە لایەن کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەمنییەوە دامەزراون، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبنەوە. ئەوان باس لەوە دەکەن کە مووچەی کەمیان پێدەدرێت، لە کۆی ٨٠٠ هەزار دینار کە لەلایەن کڕیارەکانەوە دەدرێت بە کۆمپانیاکان بۆ هەر کارمەندێک، تەنها ٤٠٠ هەزار دینار وەردەگرن. جگە لەوەش کارمەندان تێچووی جلوبەرگی کارەکانیان لە ئەستۆ دەگرن، لەوانەش جلوبەرگ و پێڵاو، زۆرجار ١٠٠ هەزار دینار لە گیرفانی خۆیانەوە خەرج دەکەن. مەرجەکانی کارکردن بریتین لە کاتژمێری درێژ لەگەڵ کەمترین پشوو، و نەبوونی پشتیوانی لە کاتی باری نائاساییدا، هەروەها بێڕێزیکردن لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند و خێزانی بەرپرسان. سەرەڕای مەترسییەکان، ئەم کارمەندانە کەرەستەی پێویست و پاراستنی یاساییان نییە. هەوڵەکانی کارمەندانی ئەمنی بۆ داواکردنی مووچە و گرێبەستی باشتر لەگەڵ کۆمپانیاکان تەنیا بەڵێنی پوچ و هەندێک جاریش سزای لێکەوتەوە. ئەم حاڵەتە لە زۆر ناوچەی تری عێراقدا ڕوودەدات، بەتایبەتی لە بەسرە، کە کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان کرێکاران لە کارەکانیان دووردەخەنەوە. هەموو ئەمانە ئاماژەیەکی روونن بۆ ناسەقامگیری بازاڕی کار لە عێراقدا، هۆکاری سەرەکیش بوونی کەرتی کاری ناڕێکخراوە بەشێوەیەکی بەرفراوان. ئەم ناسەقامگیرییە، کرێکاران لە بنەڕەتیترین مافەکانیان بێبەش دەکات، بەتایبەتی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە بنەڕەتیترین مافی کرێکارانن.