محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ، لە راگەیەنراوێکدا داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات و دەڵێت" لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەوەی لە دوایین دانیشتنی وتوێژدا لەسەری ڕێککەوتن کرا، ئێمە بانگهێشتی ئەندامانی براوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین، بۆ ئەنجامدانی یەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام، لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، ١١ی تەممووزی ٢٠٢٤، کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ لە بینای ئەنجومەنی پارێزگا".
هاوکات سودانی داوا دەکات کە بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە وتوێژە سیاسییەکاندا لەسەری ڕێککەوتوون هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان هاوکار بن.
دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی سەرکەوتوو بوو لە ڕێکخستنی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بۆ پارێزگاکان، بە پارێزگای کەرکوکیشەوە، کە لەساڵی 2005ـەوە ئەم هەڵبژاردنانەی تێدا ئەنجام نەدراوە، چەند جارێک وتوێژی سیاسی بە سەرپەرشتی ئێمە ئەنجامدرا، لە نێوان ئەو هێزانەی کە براوەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکەن و چەند جارێکی تر لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە کە بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنرا.
لەئەنجامی وتوێژی نێوان لایەنەکان، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکووک، بۆ ئەوەی هێزە براوەکان لەخۆ بگرێت، هەروەها پەڕەیەکی ڕێککەوتنی سیاسی لێکەوتەوە، کە پرەنسیپە بنەڕەتییەکان و تەوەرەیەکی سیاسی و ئیداری و ڕۆشنبیری و ئابووری لەخۆدەگرێت.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەوەی لە دوایین دانیشتنی وتوێژدا لەسەری ڕێککەوتن کرا، ئێمە بانگهێشتی ئەندامانی براوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین، بۆ ئەنجامدانی یەکەمین دانیشتنی ئەنجومەنەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام، لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 11ی تەممووزی 2024، کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ لە بینای ئەنجومەنی پارێزگا.
هەروەها داوا لە هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان دەکەین هاوکار بن، بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە وتوێژە سیاسییەکاندا لەسەری ڕێککەوتوون و تەواو کردنی ئەم وتویژانە لە ڕۆژانی داهاتوودا