
ئامادەبووانی بەڕێز!
ئەم كاتەتان باش
شانازییەكی گەورەیە بۆ من بە ئامادەبوونی ئێوەی بەڕێز، پەیامی هەردوو حزبی شیوعی كوردستانو حزبی شیوعی عێڕاق لەم بۆنەیەدا پێشكەش بكەم، كە یادكردنەوەی كەسایەتییەكی نیشتمانیو شیوعی گەلەكەمانەو شوێنی دیارو كارتێكردنی بەرچاوو كاریگەری لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانو بزوتنەوەی نیشتمانی دیموكراسی لە عێڕاقدا، هەبوو.
لە هەڵدانەوەی ڵاپەڕەكانی سەرەتاكانی مێژووی كاركردن بۆ ڕێكخستنی سیاسیو حزبی بە تەرزو شێوازی نوێ لە كوردستاندا، ناوی هاوڕێ موكەرم تاڵەبانی چەندین جار باسدەكرێت. بەشداریكردن لە بنیاتنانو دامەزراندنی داركەر لەگەڵ كۆمەڵێك ڕۆشنبیری بەرچاو وەك دڵداری شاعیر كە بە تەواوی چەمكی ڕۆشنبیری ئۆرگانی گرامشییان بەسەریاندا دەشێ، ڕەنگدانەوەی ئاراستەی ڕۆشنفیكریو مۆدێرنەسازی لە كاری سیاسیدا بوو.
ئەم ئاراستەیە لە دۆخێكی متبوونو نەگۆڕدا نامێنێتەوەو، وەك بەردەوامبوونێك لەسەر خوێندنەوەی نوێی ڕەوشی سیاسیو دیدو بۆچوونی كردەیی بۆ ئەنجامدانی ئەركە نیشتمانیو نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان، هاوڕێ موكەرم تاڵەبانی ڕۆڵی كاریگەری خۆی لە دامەزراندنی هیوا دەبینێت.
دیدی ڕۆشنفیكریو تازەگەریو ئاگادرابوونو خوێندنەوەی پەرەسەندنەكانی جیهان دوای دووەمین شەڕی جیهانو فراوانبوونی دیدی پێشكەوتنخوازی لای هاوڕی موكەرم بە وابەستی بە خۆێندنەوەی ڕیزبەندی چینایەتی كوردستان و سەرانسەری عێڕاق گەنجینەی هزری هاوڕی موكەرم دەوڵەمەندتر دەكاتو، بیری سۆشیالستی بە ڕێپیشاندەری خۆی دەزانێتو، خۆی لە ڕێزەكانی حزبی شیوعی عێڕاقو لە سەركردایەتی ئەو حزبە دەدۆزێتەوە.
بەشێك لە ژیانی تێكۆشەرانەی هاوڕێ موكەرم ئەو ڵاپەڕانەیە، كە لە زینداندا تۆماری كرد. ڵاپەرەكان بریتی بوون لە خۆڕاگری، پاراستنی كەسایەتی خۆیو هاوڕێكانیو قایلنەبوون بە سوكایەتیكردن بە خۆیو هاورێو حزبەكەی. بۆیە لە سەرجەم ئەو تاقیكردنەوانەدا سەربەرزانە نموونەی سەركردەی شیوعی بوو.
وزەو توانانی هاوڕی موكەرەم لە بواری شارەزایی لە كاری وەزیفیو دڵسۆزیو دەستپاكیو، تەنانەت سەرجەم پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی لە كاركردن بۆ خزمەتی خەڵكی هەژارو چەوساوەبوو، ئەمەش تەواوكەری هەڵوێستە سیاسیو هزرییەكانی بوو.
لە بواری ڕۆشنبیریدا موكەرەم تاڵەبانی كەسایەتییەكی داهێنەرو بەرچاوی ناوەندی ڕۆشنبیرانی كوردستانو عێڕاق بوو. بەرهەمەكانی لە بواری مێژووی هاوچەرخی گەلی كوردستانو بابەتە سیاسییەكانیو ڵاپەڕەی بیرەوەریەكانی تایبەتمەندی بیرو كەسایەتی ئەم تێكۆشەرمان بۆ دەردەخات.
موكەرم تاڵەبانی بە وردی میژووی تێكۆشانی گەلی كوردستانی خوێندبۆوەو، كاتێكیش هزری سوشیالیستیو شیوعیەت دەكاتە بژاردەی خۆی، ئەم ڕێگایەی بە ئاسۆی گەشبینی تێكۆشان بۆ وەدەسهێنانی مافەكانی گەلی كوردستانو دیموكراسی بۆ عێڕاق دەزانی.
ویستەگەكانی ژیانی هاوڕی موكەرەمو بەرهەمەكانی ئاماژە بۆ چەندین خاڵی گرنگ لە كەسایەتییەكەی دەكات، لەوانە: بەرچاوڕوونیو نەبوونی لێڵی لە بیركردنەوەیداو، خوێندنەوەی ئایندەیی بۆ ڕووداوەكانو نەخزانە نێو بازنەی بێهۆدەییو باوەڕنەبوون بە هزری سۆشیالیستی دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەتو، لە هەمووی گرنگرتیش ڕوونبوونی دیدی سەبارەت بە شوناسی سەرمایەداری هاوچەرخ لەسەر ئاستی ناوخۆییو لە سەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان.
هاوڕی موكەرەم لە ڕۆژەوەی ئەندامێتی لە حزبی شیوعی وەرگرت، بەردەوام لەگەڵ حزبەكەی مایەوەو، شەرفی ئەندامێتی پاراست.
ئامادەبووانی بەڕێز!
هاوڕێیەكی تێكۆشەر بە ژیان ماڵئاوایی لە حزبی شیوعی عێڕاقو حزبی شیوعی كوردستانو سەرجەم هاوڕێیانو خێزانەكەی كرد، بەڵام ئەو لە دڵی هەموویاندا ماوە.
هەر شادو سەرفرازبن.