
سوبحی مەهدی وتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان رایگەیاند: دوای هەوڵ و خەباتێکی بەردەوامی هەڵەبجەییەکان و هێزە سیاسیەکان و نوێنەرانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ ۱٤ ی نیسانی ۲۰۲٥ دا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەی پەسەندکرد.
وتیشی: حزبی شیوعی کوردستان ،هەروەک لە کارەساتی هەڵەبجەدا بە پەرێزپاکی دەرچوو و نەبووە بەشێک لەلایەنەکانی شەڕ و دۆست و نەیار ئاگاداری ئەو هەڵوێستە نیشتمانییەن. هەرلەدوای کارەساتەکەوبۆ گەیاندنی دەنگی گەلەکەمان بە ڕای گشتی جیهانی و ڕیسواکردنی ڕژێمی دیکتاتۆری و لایەنەکانی شەڕی ناڕەوای عێراق - ئێران، وڕاکێشانی سۆزو پشتیوانی گەلان و ووڵاتان لە هەوڵی بەردەوامدا بووە و نوێنەرەکانی لەخولەکانی ڕابردوو و ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاوشانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان کاری بۆ پارێزگاکردنی هەڵەبجە کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو: بەگەرمی پیرۆزبایی لە هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان و تەواوی گەلەکەمان دەکەین بۆ ئەم دەسکەوتە مێژووییە، کە شایستەی ئەم پارێزگا نوێیەیە.
وتەبێژی حزبی شیوعی وتیشی: لە هەمانکاتدا هەوڵەکانی هەموو ئەوکەسانە بەرز دەنرخێنین کە لەم بڕیارەدا بەشداربوون، هیوادارین کاری بەردەوام بکرێت بۆ تەواکردنی ماف و شایستە ئیداری ودارایەکانی وتەواوکردنی میلاکات و قەرەبوکردنەوەی زیان لێکەوتووانی کارەساتەکەو کەسوکاری قوربانیان.