
ڕۆژی ۱۱/١١ /٢٠٢٥خولێکی تری هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
دوای ۲٤ کاتژمێر لە بەڕێوەچونی پرۆسەکە، ئەنجامەکەی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیاندرا.
بەبۆچونی چاودێرانی سیاسی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ ئێران مایەی خۆشحاڵیە و بۆ ئەمریکاش مایەی شۆکبوون و نیگەرانیە،لە داهاتووشدا بۆ گەلی عێراق دەبێتە نەهامەتی.
لەم هەڵبژاردنەدا ، دۆست و هاوپەیمانە نزیکەکانی ئێران زۆرترین کورسییان بەدەستهێناوە، کە بەشێکیان لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە چوار چێوەی لیستی تیرۆرەوە.
جگە لەوەی هەر یەک لە لیستەکانی سودانی و فەیاز و مالیکی و حەکیم کە ۱۱۹ کورسییان بەدەستهێناوە، هاوکات پێنچ گروپی سەربە حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە،لەم هەڵبژاردنەدا ٤٨ کورسییان بەدەستھێناوە.
بەم جۆرە:
کوتلەی سادیقونی سەربە قەیس خەزعەلی ٢٨ کورسی
بزوتنەوەی خەدەماتی سەر بەکەتائیبی ئیمام عەلی ٨ کورسی
بزوتنەوەی حقوق سەربە کەتائیبی حیزبوڵا ٦ کورسی
بزوتنەوەی مونتەسیرون سەربە کەتیبەکانی سەید شوهەدا ٤ کورسی
بزوتنەوەی بابلیۆنی رەیان کلدانی ٢ کورسی.
لە دوای ڕوداوەکانی ۷ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۳ی ئیسرائیل،دەست و پێوەندەکانی ئێران لە ناوچەکە وەک حەماس و حزبوڵا و حوسیەکان ئفلیج کران و تەنانەت خودی ئێرانیش لاواز کرا،
هەموو ئەگەرەکانیش بۆ ئەوە دەچون، کە گروپ و تاقمە چەکدار و نزیکەکانی ئێران لە عێراق بکەونە بەر گورزی ئەمریکاو ئیسرائیل ، بەڵام ئەم ئەگەرانە ڕوییان نەدا.
بە بۆچونی چاودێرانی سیاسی یەکێک لە هۆکارەکانی هێرش نەکردنە سەر عێراق ، چاوەڕوانی ئەمریکابوو بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، پێشیان وایە ئەم ئەنجامە بۆ عێراقیەکان بەکارەسات دەگەڕێتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئێستا پەرلەمانی عێراق زیاتر هەژموونی ئێرانی بەسەردا زاڵە و جارێکیتر ئێران لە عێراقەوە بەهێز دەبێتەوە، بۆیە پێ ناچێت ئەمریکاو ئیسرائیل بەم ئەنجام و پێشهاتە ڕازی بن، هاووڵاتیانی عێراقیش بە دەنگدانیان بەو لایەن و تاقم و گروپانە خۆیان خستۆتە بەردەم بژاردەو ئەگەرێکی قورسەوە، ئەویش بێدەنگ نەبونی ئەمریکاو ئیسرائیلە.