سەروتاری رێگای كوردستان

لە ماوەی چەند مانگی ڕابووردوودا لە چەندین شوێنی هەولێری پایتەخت، كە تێكڕایان بازاڕ و شوێنی ئابووری و گۆگای كاڵابوون، ڕووداوی ئاگركەوتنەوە ڕوویدا و، تا كار گەیشتە بازاڕی دێرینی شار (قەیسەری هەولێر)، كە نەك تەنیا بازاڕێكی ئاسایی و شوێنێكی ئابوورییە، بەڵكو ناوەندێكی كەلتووری و كۆمەڵایەتی ڕەسەنی شاری هەولێرە، كە هەر دوكان و گوزەر و كۆڵانێكی ئەو بازاڕە یادگاری جۆراجۆری كەسایەتی و ڕووداوی مێژینەی ئەم شارەی لە ئامێزگرتووە.

لە سەرەتای ڕووماڵكردنی ڕووداوی ئاگركەوتەنەوە بەتایبەتی لە بازاڕی لەنگەی هەولیر، كە لە چەند مانگی ڕابووردوودا چەندین جار ڕوویدا، تێكڕای سەرنج سەبارەت بە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە بۆ بابەتی شۆرتی كارەبا و نەبوونی پێداویستییەكانی ئاگركوژاندنەوە دەچوو، بەڵام بەردەوامبوونی ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە هەندێك لە كۆگاكان و، ئەوەی لە بازاڕی دێرینی هەولێر ڕوویدا، دوور لە خۆبستنەوە بە "تیۆری پلانگیری"، كارێكی لۆجیكییە كە پرسیاری ئەوە بكرێت ئەوەی لە بازاڕی هەولیر ڕوویدا ئاگركەوتنەوە یان سوتاندنبوو؟!

وەڵامی ڕاستەقینەی ئەم پرسیارە گوماناوییە لای دەزگاكانی ئاسایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە گومان لەوەدا نییە دەبێ بە گرنگییەوە لێكۆڵینەوەی قوڵ لەم بابەتە بكات، چونكە ئەو شوێنانەی دووچاری ڕووداوی ئاگركەوتنەوە بووە، شوێنی ئابووری خەڵكی كاسبكار و چینی ناوەندی شاری هولێرن و، كارتێكردنی لەسەر ئابووری كوردستان لە كارتێكردنی بۆردومانكردنی كێڵگەیەكی نەوت و گازی كوردستان كەمتر نییە، جگە لە كارتێكردنە دەروونییەكەی لەسەر خودی خەڵكی كاسبكار و بزوێنەری ڕێڕەو و چالاكی ئابووری ڕۆژانەی شار، لە ڕەوشێكی ئابووری ناهەمواردا، كە كێشەی موچە و بودجە چارەسەرنەكراوە و، ناسەقامگیری باڵی بەسەر ڕەوشی سیاسی كوردستان ڕاكێشاوە و هاوكات كارتێكردنی نەرێنی لەسەر بابەتی پاراستنی ئاسایش و سامانی خەڵك هەیە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازی متمانە بە دەسگاكانی ئاسایش.

هەرچۆنێك بێت هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوە، كە ڕونكردنەوەی لەلایەن دەسگاگانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ كارێكی پێویستە، گرنگە لە ئێستاوە و پێش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان، هەنگاو و ڕێوشوێنی پاراستنی ئەمنی وەك دانانی چاودێری توندوتۆڵ و زیادكردنی پاسەوانی هەمەجۆر بۆ سەرجەم شوێنە ئابوورییەكان دابینبكرێت و، بابەتی ئاگركەوتنە بە كارێكی ئاسایی تەماشانەكرێت.     

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە