لەسەر پرسی خەرجکردنی مووچە و پڕۆژەی ڕووناکی و راسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، کاتژمێر 10:00 دەستپێدەکات و یەکەم تەوەر دەربارەی گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پڕۆژەی رووناکی و دەستەبەرکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی و کەم کردنەوەی تێچووەکەی.
تەوەری دووەم پەیوەست دەبێت بەبەدواداچوون بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
تەوەری سێیەم و کۆتاییش تایبەت دەبێت بە راسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.