هاوڕێ كرێكار / رێگای كوردستان
لەساڵیادی ئەنفال، پڕۆسەی كۆمەڵكوژی كورد لە باشووری كوردستان ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانییان رەخنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە سەرەتاییترین داواكارییەكانیان جێبەجێنەكراون. كارگێڕی مەڵبەندی گەرمیانی حزبی شیوعی كوردستانیش رەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگرێت و رایدەگەێنێت كە بەشێك لەجاش و موستەشارەكان بەبەرچاوی كەس و كاری ئەنفالكراوەكانەوە دەسووڕێنەوە و دەسەڵاتیان پێدراوە.
"دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 3 دەیە بەسەر خۆبەڕێوەبەری و ئازادكردنی هەرێمی كوردستان لەدەست ڕژێمی بەعس، وا هەست دەكەیت تەنیا چوار پێنج ساڵێك بەسەر تاوانی ئەنفاڵدا رۆیشتووە، بەشێوەیەك كە دوای ئەو هەموو ماوەیەدا هێشتا تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال، سەرەڕای دادگایینەكردنیان هەموو ماف و ئمیتیازێكیان هەیە، هێشتا روفاتی گۆڕەبەكۆمەڵەكان لە شوێنی جینۆسایدكردنیانن و تاقانەكانی ئەنفال-یش بێنازن". ئەمە گوتەی بەختیار چەوری تاقانەی ئەنفالە. بەختیار باس لە نیگەرانیی كەسوكاری قوربانیانی ئەنفال دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە دایكانی جەرگسووتاو تا ئێستاش بەئومێدی گەڕانەوەی ئێسك و پرووسكی رۆڵەكانیانەوە رۆژدەكەنەوە، كە دەكرا ئەم ئەركە لەماوەیەكی زۆر كەمدا جێبەجێبكرێت. ئەو تاقانەیەی ئەنفال رەخنە لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت و روونیدەكاتەوە كە ئەوەی پێویست بوو بۆ قوربانییانی ئەنفال و كەسوكاریان بكرێت نەكراوە، لە باشكردنی رەوشی ژیانی كەسوكاری قوربانییان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكەیان تا دەگاتە هێشتنەوەی پرسی ئەنفال بەزیندوویی، بەڵام لەبەرامبەردا تۆمەتبارانی ئەنفال لێرە و لەوێ ئیمتیازی گەورەیان پێدراوە.
تەحسین حەمید یەكێك لە ڕزگاربووانی نوگرە سەلمانە. ئەو باس لەوە دەكات كە دوای ۳۷ساڵ هێشتا بەدەست ئازار و نەهامەتییەكانەوە دەناڵێنن، "حكومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، تا ئێستا وەك پێویست نەهاتووە بەدەم داواكاری كەس و كاری ئەنفالكراوەكانەوە و خزمەتگوزاری پێشكەش نەكردوون، دوای ڕزگاربوونمان لەقەڵای نوگرە سەلمان، دەبوو حكومەتی هەرێم و عێراق قەرەبوومان بكەنەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نادەنەوە وەك پێویست و بەدەم هاوارمانەوە نایەن". ئەو رزگاربووەی زیندانی نوگرە سەلمان باس لەوەش دەكات كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامداوە، "بەڵام كەس ئامادە نەبووە گۆێمان لێبگرێت، كەس نییە خەممان بخوات". گوتیشی: پێشتر ژمارەیەكی زۆر كەمی زیندانییان مووچەیان بۆ بڕابوویەوە، بەڵام ئێستا مووچەی ئەوانیش بڕاوە، ئێمە ڕزگاربووانی نوگرە سەلمان لە وەجبەی ۹تا ۱٥هیچ مووچە و دەرماڵەیەكمان بۆ نەكراوە.
كەماڵ حەمەسەعید، كەس و كاری ئەنفالە و هەمان شێوەی ئەو سەدان كەسوكارەی قوربانییانی ئەنفال حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچەندین ئاستدا بە كەمتەرخەم ناودەبات و پێیوایە هەر حكومەت و وڵاتێكی دیكە بووایە ئێستا بەشێكی زۆری گۆڕە بەكۆڵەكان هێنرابوونەوە زێدی خۆیان و بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی كەسوكاری قوربانیانیش لە بوونی ژیانێكی شایستە فەراهەم كرابوون. "دوای ئەو هەموو ساڵە لە حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان، ئێمە گۆڕەكانی خۆمان ناناسین، نازانین كەس و كارمان لەكوین، گلەیی ئێمە لەحكومەتی عێراق نییە، چونكە ئەوان ئەنفالیانكردین، گلەیی ئێمە لەحكومەتی خۆماڵی خۆمانە كە ئاوڕ لەژیان و گوزەران و داواكاریمان ناداتەوە."
تاهیر محەمەد كارگێڕی مەڵبەندی گەرمیانی حزبی شیوعی كوردستان بە ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی دەزانێت كە قەرەبووی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال بكەنەوە و رەخنەی ئەوەش دەگرێت كە بەشێك لەجاش و موستەشارەكان بەبەرچاوی كەس و كاری ئەنفالكراوەكانەوە دەسووڕێنەوە و دەسەڵاتیان لە هەرێمی كوردستان پێدراوە.
كارگێڕی مەڵبەندی گەرمیانی حزبی شیوعی كوردستان روونیدەكاتەوە كە ڕژێمی بەعسی ڕوخاو دەیان و سەدان تاوانی بەرامبەر گەلەكەمان ئەنجامداوە كە یەكێك لەو تاوانانە، تاوانی ئەنفالە كە ۱٨۲ هەزار مرۆڤی بێتاوانی تێدا زیندەبەچاڵكراوە. "بەگرنكی دەزانم كە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا، وەك میراتگری حكومەتی بەعسی ڕوخاو، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی كەس و كاری ئەنفالكراوەكان بكاتەوە". وتیشی: تا ئێستا بەشێك لەجاش و موستەشارەكان بەبەرچاوی كەس و كاری ئەنفالكراوەكانەوە دەسووڕێنەوە و دەسەڵاتیان هەیە، ئەمەش كاریگەری زۆر خراپی لەسەر كەس و كاری ئەنفالكراوەكان داناوە، هەروەها بەشێك لە زیندانییانی نوگرە سەلمان كە گەڕاونەتەوە تا ئێستا مووچەكانیان بۆ سەرفنەكراوە و بەشێكیان بەو ئاواتەوە سەریاننایەوە.
تاهیر محەمەد كارگێڕی مەڵبەندی گەرمیانی حزبی شیوعی كوردستان جەخت دەكاتەوە كە ئەركی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە، خزمەتی زیاتری كەس و كاری ئەنفالكراوەكان بكەن. "دەكرێت حكومەتی هەرێم باجێك بۆ كەس و كاری ئەنفالكراوەكان دروست بكات بۆ ئەوەی بەو باجە كارەكانیان لەفەرمانگە حكومییەكان بەڕێوەببرێ و ڕێزیان لێ بگیرێت".