سەروتاری ڕێگای کوردستان
شەڕی ناوخۆ بە ڕێگەیەکی تر: چۆن فەزای گشتی خەفەقان دەکرێت؟
لە کاتێکدا پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت، کەچی کەشوهەوای سیاسی لە هەرێمی کوردستان تا دێت لە ڕووی سیاسییەوە زیاتر ژەهراویی دەبێت. حیزبە باڵادەستەکان نەک وەک ڕکابەری هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەڵکو وەک شەڕکەری کۆنی سەردەمی شەڕی ناوخۆ، بە ئاستنزمترین شێوە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڕێوە دەبەن.
دەیان ساڵە کولتووری شەڕی ناوخۆی کورد، لە ساڵانی شەستەکانەوە تا ئێستا، گوتاری سیاسیی هەردوو حیزبی ڕەنگڕێژ کردووە. ئەوان لەبری ئەوەی ڕکابەری بگۆڕن بۆ ڕکابەرییەکی تەندروست لەسەر ئەوەی کام بەرنامە چارەسەری کێشەی بێکاری و هەژاری و گەندەڵی و گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات، کە خۆیان نیشانی نادەن هەرگیز نیاز و لیاقەتی ئەوەیان هەبێت و چارەسەری پرسەکانی ئەمڕۆ بکەن، دوژمنایەتیی مێژوویی خۆیان دەکەنە خاڵی هەرە قێزەونی هەموو خولێکی هەڵبژاردن. ئەمەش تەنها سواڵکردنە بۆ دەنگ کۆکردنەوە، لەسەر بنەمای بەرچاوتەنگی و حیسابی پرسە کوردستانییەکان و تێکدانی فەزای گشتی و پێگەی هاووڵاتییان و هەرێمی کوردستانیش.
لە جیهاندا، سەرەڕای کەم و کوڕی و خەوشەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام قسەی سەرەکی لەسەر بەرنامە سیاسییەکانە. ڕای گشتیش هەم چاودێرە و هەم بکەریشە وەک دەنگدەر. لە وڵاتانی پێشکەوتوو، زۆرجار ململانێ و پێکدادانەکانی هەڵبژاردن توند دەبن، بەڵام بە گشتی لە دەوری پرسەکانی سیاسەت دەسوڕێنەوە و لە ڕێگەی میدیاوە، لە بەرژەوەندیی جەماوەر فەراهەم دەکرێت. بۆ نموونە: باجدان، بیمەی تەندروستی، کۆچبەر، هەژاری و بێکاری یان پەیوەندییەکانی دەرەوە. ڕەنگە حیزبەکان ئاڵوگۆڕی تیژتر بکەن، بەڵام تێگەیشتنێکی کولتووری هەیە کە دژایەتی و جیاوازی بەشێکە لە هاوسەنگیی "دیموکراسی" بە مانای جێبەجێکردنەکەی، نەک ئیلهام وەرگرتن لە کۆنەپەرسترین دیدگە کولتوورییەکان.
ئەزموونی زیاتر لە چەندین خولی هەڵبژاردن نەیانتوانیوە هیچ کولتوورێکی یارمەتیدەر بچێنن بۆ باشترکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن. بەوەش نەوەستاون، دەیان فڕت و فێڵیشیان لە ئەزموونەکانی پێشوو پیادە کردووە، کە هەموو جارێکیش هەر خۆیان لە یەکتر ئاشکرا دەکەن.
شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیان نەک هەر متمانەی نێوان دامەزراوە سیاسییەکان، بەڵکو لە نێوان خەڵک و خودی پڕۆسەی سیاسیشی لەناو بردووە، کە ئەمە فشاری زیاتر دەخاتە سەر خستنە دەرەوەی هاووڵاتییان لە "بەشداریی سیاسیی" کۆمەڵگە، لەم پڕۆسە گرنگەدا.
جێی داخە ئێستا زۆرێک لە دەنگدەرانی گەنج هەڵبژاردن وەک مەشقێکی بێمانا دەبینن کە دەسەڵات لە نێوان هەمان نوخبەدا دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە. ئەنجامەکەی بێباکی دەنگدەران و کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن و پەراوێزخستنی بزووتنەوە نوێیەکانە کە دەتوانن بیرۆکەی نوێ بخەنە ناو کولتووری سیاسیی وەستاوی هەرێم. ئەم لاپەڕەیە لە مێژوو وەک "زەروورەتێکی بابەتی" دەبێت لە شوێنێکدا بوەستێنرێت و دوا دێڕی بۆ دابنرێت. ڕەنگە بۆ ئەم کارە گەورەیە دید و کۆنسێپتی جیاواز هەبێت، ئەو میتۆدە دەتوانێت ئەم شەڕە بکات کە لە توانایدا هەبێت متمانەی بنکەی کۆمەڵایەتیی بەربڵاو جێگیر بکات.
گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و ئیداری لە ڕێگەی هەڵبژاردن کاتێک دەست پێدەکات کە هەڵبژاردن نەک وەک بەرەیەکی تر و خولێکی تر لە شەڕی ناوخۆ، بەڵکو وەک کێبڕکێیەکی ئاشتییانەی جیاوازیی بیرۆکەکان بۆ داهاتوویەکی هاوبەش مامەڵەیان پێبکرێت.
کاتێک مەبەست لە هەڵبژاردن گەڕانەوە بێت بۆ ئیرادەی خەڵک، دەبێت دوور بێت لە پەکخستنی پەرلەمان و پەراوێزخستنی زیاتری خەڵک و ناچارکردن و کڕینی ئیرادەی دەنگدەر و بەڵێنی بێ کردار و تێکدانی فەزای گشتی، کە هیچ بوارێک بۆ بیرکردنەوە ناهێڵێت و ژینگەی هەموو بەشدارییەکی سیاسیی مانادار و گەڕانەوە بۆ شکۆی هاووڵاتییان تێک دەدات، کە بە داخەوە سیاسەتی باڵادەست لە سی ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتەکەمان ئەوەی کردووە.
دەبێت کێبڕکێ لەسەر بنەمای جیاوازیی دیدگە و بەرنامە بێت، نەک فراوانترکردنی زۆنی ئێرە و ئەوێ لەسەر حیسابی زۆنی هاووڵاتییان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و وڵات.
ئەو مەترسییانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی خراپتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دەبێتەوە، دابڕاو نییە لەو عەقڵییەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەی لە ساڵانی ڕابردوودا پێی بەڕێوە چووە.
لە بارودۆخی ئەمڕۆماندا بۆ سەر ڕێگەخستنی پڕۆسەیەکی سیاسی کە لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بێت، ئەرکی هەموو هێز و لایەنێکی چەپ و سۆسیالیست و ئازادیخواز و دیموکراسیخوازە کاری بەیەکەوەیی لە پێناو داکۆکیکردن لە پرسە چینایەتی و نیشتمانییەکان بکەن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببێتە ئامرازی گۆڕانکاریی چۆنایەتی، نەک بە پێچەوانەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا