هاوڕێ كرێكار- رێگای كورستان
لە ڕۆژی جیهانی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی لە دۆخی رۆژنامەنووسی نیگەرانن و رەخنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرن سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ ئازادی ڕادەربڕین، بەتایبەت لە پرسی كوشتن و زیندانیكردنی رۆژنامەنووسان.
سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان، سەلمان عوسمان ڕۆژنامەنووس، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئازادیی ڕادەربڕین پێویستە لە دوو لایەنەوە شرۆڤە بكرێت، یەكەم دەسەڵات تاچەند ڕێگەی بەو ئازادییەداوە، دووەم ڕای زۆرینەی تاكی كوردستان بۆ پرسە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكان چییە. سەلمان باس لەوە دەكات كە دەسەڵاتی باشووری كوردستان لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا هەمیشە بانگەشەی بۆ ئازادیی ڕادەربڕین كردووە، بەڵام ئەو ئازادییەی كە خۆی دەیەوێت. "دەسەڵات پانتاییەكی بەرتەسكی بۆ ڕادەربڕین هێشتووەتەوە، بەجۆرێك تاكبەتاكمان هەست بەوە بكەین ئەگەر ڕەخنەیەكی جددی بگرین، ڕۆژێك دێت تۆڵەی ئەو ڕەخنەیەمان لێبكرێتەوە، هەروەها چەندین كەسی لە كایە جیاوازەكانی ڕاگەیاندن، ڕۆشنبیری و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی، خستووەتە ناو بوارە جیاوازەكانەوە بۆ بەلاڕێدابردنی كۆمەڵگە و دواتریش بەمە دەڵێت ئازادیی ڕادەربڕین" . وتیشی: ئێمە ئازادیمان هەیە ڕای خۆمان دەربڕین، بەڵام ئازادیمان نییە لەڕووی كردارییەوە كار بۆ ئامانج و بۆچوونەكانمان بكەین، كەواتە تۆ هەر ڕایەكت هەبێت، بەڵام نەتوانی كاری بۆ بكەی نەبوونی باشترە.
هەر لەسەر ئەم پرسە ئەمیر خانەقینی ڕۆژنامەنووس باس لەوە دەكات كە بەپێی دوایین پۆلێنی رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنوور بۆ ساڵی پێنجەم لەسەر یەك، عێراق لە ناوچەی زۆر مەترسیداردایە لە پرسی ئازادی رۆژنامەوانی، بۆیە لە چوارچێوەی عێراقدا، هەرێمی كوردستان بەدەر نییە لە خراپی پرسی ئازادی ڕادەربڕین و كاری رۆژنامەگەری. وتیشی: ڕوون و ئاشكرایە كە ئازادی ڕادەربڕین لە عێراقدا بەشێویەكی گشتی و لە هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تایبەت، بەرتەسككراوە. ئەمیر روونیدەكاتەوە كە لەم ساڵانەی دواییدا لە عێراقدا بەشێویەكی بەرچاو ئازادی ڕادەربڕین و كاری رۆژانامەگەری ئازاد بە ئاستێكی زۆر دابەزیوە، حاڵەتەكانی گرتن و زیندانیكردن و ئەشكەنجەدان و سزادان گەیشتووە بە كوشتن و تیرۆركردن و بێسەروشوێنكردن. یەكێكی دیكە لە كێشەكان كە رووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبێتەوە وەك ئەمیر خانەقینی باسی دەكات، بەكارهێنانی یاساكان و سزادانە بەپێی خواست و مەزاجی لایەنە دەسەڵاتدارەكان لە عێراق و هەرێم، لەبەرانبەریشدا دەربازبوونی تاوانبارانی كوشتنی رۆژنامەنووسان و خۆپێشاندەرانە. روونیشیكردەوە كە لەعێراق و هەرێمی كوردستان هەوڵی جددی هەیە كە فەزای دیجیتاڵییەكان وەك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سانسۆر بكرێن، ئەمەش ڕاستەوخۆ پێچەوانەی ماددەی 38ی دەستووری عێراقە، كە گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەری دەكات، هەروەها پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكانی عێراقە بە پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەكان، پەرەسەندنی پێشێلكارییەكان دژ بە ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانان مەترسییەكی جدی لەسەر ئازادی میدیا و ئازادی ڕادەربڕین دروستكردووە كە بەشێك لە ڕووداو و پێشێلكارییەكان پاڵنەری سیاسی لە پشتیەوەن. "بەردەوامی ئەم پێشێلكارییانە بناغە دیموكراسییەكان تێكدەدات و هەڕەشە لە ئازادی ڕادەربڕین دەكات كە بەردی بناغەی هەر كۆمەڵگەیەكی ئازادە، بۆیە پێویستە حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان و دەستوور بن بۆ پاراستنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین، هەروەها زەمینەیەكی سەلامەت بۆ پراكتیزەكردنی ڕۆژنامەگەری بەبێ ترس و هەڕەشە مسۆگەر بكات".
هەر لەسەر ئەم پرسە یادگار عەلی، مامۆستای ڕاگەیاندن لەزانكۆی گەرمیان باس لەوە دەكات كە ساڵانە لەجیهان یادی ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەنووسی بە دووپاتكردنەوەی بەڵێن بۆ بەرفراوانكردنی پانتایی ئازادی زیاتر بۆ ڕۆژنامەنووسان و پارێزگاریكردنیان دەكرێتەوە. كارئاسانی بۆ ڕۆژنامەنووسان دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەرك و پەیامەكەیان ئازادانە و بەبێ سانسۆر و كۆتوبەند پێشكەش بكەن. گوتیشی: سێی ئایار ڕۆژی پێداچوونەوە و هەڵوەستەیە لەسەر ئاڵنگارییەكانی بەردەم كاری میدیا و ڕۆژنامەنووسان و هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و ژینگەی پیشەییان و پاڵپشتی تەواو لە میدیای سەربەخۆ و بێلایەن.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ روونیدەكاتەوە كە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە دروستكردنی سێ پایەی سەرەكی هەیە، بۆ ئەوەی میدیا و میدیاكاران بتوانن ڕۆڵی حەقیقی خۆیان بگێڕن، یەكەمیان؛ ڕۆژنامەنووسیی بەرپرس، خاوەن مەعریفە و ڕۆشنبیریی گشتی، دووەمیان؛ دەسەڵاتێك لەپاڵ ڕێزگرتن لە كاری ڕۆژنامەنووسی؛ ڕەخنە و پەیامە ڕاست و گونجاوەكانی جێبەجێبكات. ئازادی ڕۆژنامەنووسی بەبێ جێبەجێكردنی ڕەخنە و پێشنیازی میدیا و ڕۆژنامەنووسان؛ كردەیەكی بێمانایە و جێگەی دڵخۆشی نییە، سێیەمیشیان؛ جەماوەرێكی خوێندەوار، بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ میدیا دەكات و بەكاریبهێنێت.
یادگار عەلی هێما بۆ ئەوەش دەكات كە لە كوردستان كەلێنی گەورەمان لە بونیادی هەر سێ پایە سەرەكییەكە هەیە و كەموكورتییەكانمان تادێت زیاتر دەبێت و سنوور و مەودای ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسیی حەقیقی ساڵ دوای ساڵ بەرتەسك دەبێت، بەوهۆیەش دەسەڵات بەرامبەر ڕۆژنامە و ڕۆژنامەوان بێباك و بێمنەت دەبێت، جەماوەریش زیاتر و ئاسانتر بەهەڵە و بەلاڕێدا دەچێت. دواجار بارودۆخی هەمەلایەنەی كۆمەڵگەی كوردستانیش بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت.