نوێنەری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بەردەوام بێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا نرخی دۆلار بۆ ١٦٠ هەزار دیناری عێراقی بەرزدەبێتەوە".

زیا تائی نوێنه‌ری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراوی عێراق، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سۆمەریە نیوزی)راگه‌یاند" بانكی ناوه‌ندی میكانیزمێكی نوێی په‌سه‌ندكردووە كه‌ زیانی به‌ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردن به‌ گشتی گه‌یاندووە، ئەوەش دوای ئه‌وه‌ی ته‌نها چوار كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی هه‌ڵبژارد بۆ كاركردن له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان به‌ ئامانجی فرۆشتنی دۆلار به‌ گه‌شتیاران".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ١٢٠٠ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕکردن هەن، بەڵام بانکی ناوەندی تەنها حەوتیان هەڵبژاردووە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران، چواریان لە فڕۆکەخانەکان بوون، بەمەش ١٢٠٠ کۆمپانیای ماوەتەوە کە دەتوانن ببنە شوێنی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.

نوێنەری كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق راشیگەیاندووە" گەیشتوینەتە قۆناغی راگرتنی كاركردن، چونکە ئەم ڕێوشوێنە نرخی دۆلار لە ڕۆژانی داهاتوودا بەرزدەکاتەوە بۆ ١٦٠ هەزار دینار و زیاتریش، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ٧ ڕۆژە پێش ئەوەی میکانیزمەکە جێبەجێبکرێت، دۆلار بۆ زیاتر ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەتەوە".

جەختیشی لەوە کردەو، کۆبوونەوەیەکی ورد دەبێت بە ئامادەبوونی تیمێک لە سەرۆک وەزیران بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە میانی کۆبوونەوەکەدا كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو چەند داواكارییەكیان هەیە، ئەگەر جێبەجێ نەكرێن كاركردن رادەگرن و خۆپیشاندان لە بەردەم بانكی ناوەندی عێراق دەكەن، هەروەها سكاڵای خۆیان پێشکەش بە لیژنەی دارایی پەرلەمان دەکەن.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٨ی تەموزی ٢٠٢٤ لە كاتی داخستنی بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراودا نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی گەیشتە ١٥٠ هەزار و ٣٥٠ دیناری عێراقی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە