رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند بۆهۆی شەڕو گۆڕانی كەش و هەواوە زیاتر لە 282 ملیۆن كەس برسین.
لە ژێر ناونیشانی (خۆراک مافی هەموانە)، ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە(فاو) چالاکییەکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی خۆراک ڕێکخست و لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند، نزیکەی ٢٨٢ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا گیرۆدەی برسێتییەکی سەخت بوون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لە جەنگ و ئابوری، هۆکارێکی تر لە پشت زیادبونی ڕێژەی برسێتیە، ئەویش دیاردەی کەشوهەوای (لانینا) یە، کە گەورەترین گۆڕانکارییە لە سیستمی کەشوهەوای زەوی و لە نێوان ٢ بۆ ٧ ساڵ جارێک لە ناوچەی کەمەرەیی ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن ڕوودەدات.
لەو چوارچێوەیەدا و بە وتەی زانایانی کەشناسی لە زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا، دیاردەی کەشوهەوای (لانینا) لە زەریای هێمن وایکرد ساڵی ٢٠٢٤ گەرمی زیاتر بەخۆوە ببینێت و ڕیکۆردی ساڵی ٢٠١٦بشکێنێت.
کاریگەریی ئەو دیاردەیەش لەگەڵ دیاردەیەکی تر بە ناوی (نینۆ)، وادەکەن کەشوهەواو ناجێگیربێت و لە چەند شوێنێک زریان و لافاو و لە چەند شوێنێکی تر وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا ڕووبدات.
ئەوە لە کاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە بەرپرسیارێتی بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی پەیوەست بە خۆراک دەکەوێتە ئەستۆی هەموو تاکێک، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە بەفیڕۆدانی خۆراک و برەودانی زیاتر بە بواری کشتوکاڵ.
هاوکات بەرپرسی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە، جیهان بەگشتی و وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەتایبەتی، بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیان لەسەر شانە بەوەی پەلەبکەن لە گەیاندنی خۆراک و یارمەتیی مرۆیی بۆ ملیۆنان کەس لەو وڵاتانەی برسێتی بەرۆکی گرتوون.
هەرچۆنێک بێت هەوڵی هەماهەنگی نێوان حکومەتەکان و دامەزراوە داراییەکان و کەرتی تایبەت، تاکە ڕێگایە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی خۆراکی جیهانی، بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک سۆماڵ، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا هەزاران کەس لە لێواری برسێتی ڕزگار بکات.a